گۆڕان نیوز- ناڕێکی و دوودڵی لە پەروەردەکردنی منداڵدا (بە ئینگلیزی: Inconsistency and uncertainty in the education of children، بە عەرەبی: التردد فی التربیه اطفال)، دوودڵی و ناڕێکی بە هەڵەترین و خراپترین شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ دادەنرێت.
هەندێک شێوازی هەڵە لە پەروەردەکردنی منداڵدا
١- ناڕێکی لە هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ منداڵ، بە نموونە لەسەر ڕەفتارێک پاداشتی دەکات، لەسەر هەمان ڕەفتار سزای دەدات، جارێک منداڵ جنێو دەدات پێدەکەنن، جارێکی تر هەمان جنێو دەداتەوە قسەی پێدەڵێن و لێی تووڕە دەبن.
٢- ناڕێکی لە مامەڵەی نێوان دایک و باوک، بە نموونە باوک پاداشتی دەکات و دایکیش سزای دەدات، باوک بڕیار دەدات پێنج دیناری پێبدات کەچی دایک بڕیاری باوک دەشکێنێت و شەش دیناری پێدەدات.
شوێنەوارە خراپەکانی مامەڵەی ناڕێک لەگەڵ منداڵدا
١- نەمانی بەهای یاسا و دەسەڵات لە دڵی منداڵدا: لای منداڵ دایک و باوک نیشانەی دەسەڵاتی یەکەمن، ئەگەر ئەوان دەسەڵات پێشێل بکەن، ئەوە هیچ نرخێکی نامێنێت لای منداڵ، سبەی دەسەڵاتی دەوڵەتیش هیچ بەهایەکی وای لە دڵ و دەروونی منداڵەکەدا نامێنێت، دەبێت دایک و باوک زۆر بە وریایی مامەڵە لەگەڵ منداڵەکانیاندا بکەن، ڕاڕا و دوودڵ نەبن لە پەروەردەکردنیان، هەریەکە و جۆرە ڕێنماییەکی جیاوازیان پێ نەدات، هەر یەکە و بۆ لایەک ڕێنمای نەکات، ئەگەرنا ئەنجامێکی خراپ و شێواوی دەبێت کە دواتر خۆیان باجەکەی دەدەن.
٢- بە مامەڵەی ناڕێکی دایک و باوک، منداڵ تووشی سەرگەردانی و سەرلیشێواوی دەبێت، نازانێت کام ڕەفتارە ڕاستە و کامە هەڵە و ناتەواو.
٣- دەبێتە کەسێکی ڕاڕا، لە نێوان دوو بۆچوونی لێک جیاواز دوودڵ دەبێت، نازانێت بۆ کام لا یەکلایی بکاتەوە، وای لێ دێت هاوسەرەکەشی نازانێت چی دەوێت، حەز بە چی دەکات، هەرجارە و قسەیەک دەکات و شتێک دەخوازێت.