
گۆڕان نیوز- لە مێژە باسی راهێنان بە زمانی کوردی لە قۆتابخانەکانی ئێران بووەتە گرفتێک لە نێوان کۆمەڵگەدا و برێک جار وەکوو درۆشمێک لە لایەن نێونەرانی پارلەمان و کاندیداکانی سەرۆک کۆماری باسی دەکەن بەڵام تاکوو ئێستا بە شێوەی فەرمی جێ بەجێ نەکراوە.
لە چەند رۆژی ڕابردوو چەند هەواڵێکم بیست کە لە شارەکانی جوانرۆ و سنە چەندین پەرتووک بۆ وانە گۆتنەوە لە قۆتابخانەکان (سەرتاییی و دوواناوەندی) ئامادە کراوە و بریارە کە ئێدی ئەم پەرتووکانە بۆ راهێنانی قۆتابیان بەکار بێت کە جێگەی هەیە ماندوو نەوی بڵین بەو ستاڤە خۆشەویستە و بە پێویستم زانی کە ئەم بابەتە لەسەر گڕینگی زمان ئامادە بکەم تاکوو بتوانین بە شێوەییکی فەرمی وانەکان بە زمانی کۆردی لە قۆتابخانەکانی ئێران بەرێوەبچێ.
فهردین کهمانگهر رۆژنامەوان
زمانی دایکی چرای داهاتووی روون دەکاتەوە
سەبارەت بە گرینگی و بایەخی زمان لە ناو کۆمەڵگە بابەتەی زور نووسراوە و کۆمەڵناسان و دەروون ناسانیش لێکۆڵینەوەیان لە سەری کردووە و ئەمرۆکە گەیشتنە ئەو قەناعهتەت کە دەبێ منداڵ بە زمانی دایکی پەروەردە بکرێت.
کاتێک منداڵێک چاوی هەڵدێنێ و جیهان به چاوە گەشە دەبینێ، سەرەتا گۆیەکانی پیتە جوانەکانێ کە لە زاری دایکی دێتە دەرەوە، دەیبیست ئەو وشە شیرینانە کە لە نێوان ڵایەڵایەی دایکی دەیبیست، فێری دلۆڤانی و ئەوینداری دەبێت و لە پێناو زمانی دایکی، چرای داهاتووی روون دەکاتەوە، هەر چەندە کە لەم سەردەمەدا کە مێدیا و تەکنوڵجیا بە وزە و تواناییکی بەهێزەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەوە تاکوو یەکرێزییک بخەنە ناو کۆمەڵگەی جیهانیەوە وە بەداخەوە زۆربەی زمانەکان لەرو و ڵاواز دەبن و ئەم بابەتە دەبێتە هۆی مەرگی زمانەکان. هەر بەم بۆنەوە دەبێ خۆمان ئابدەیت یان نوێ بکەینەوە تاکوو لەم گۆمە خۆمان رزگار بکەین وە یەکم هەنگاو راهێنانی منداڵان بە زمانی دایکییە کە لە قۆتابخانەوە دەس پێبکات.
هێمای فەرهەنگ
دەتوانین، زمان بە گرینگترین هێمای هەر فەرهەنگێک و پێناسەی گەڵان بناسێنین، هەڵبەت، هەرچەند کەسانێک دروست کردنی ئامراز لە ڵایەن مرۆڤەوە بە سەرەتای مرۆڤ دەناسن بەڵام بۆ وێنە ئەگەر ئێمە لە کۆراتی دیکەوە گیانلەبەرانێکی وەکوو مرۆڤ بدۆزینەوە کە خاوەن ئامێر و ئامراز بن، بەڵام نەتوانن ئاخافتنیان هەبێ و لەگەڵ یەک بدوێن بە واتە زمانیان نەبێ ئایا دەتوانین ئەوانە بە خاوەن فەرهەنگ بناسین؟ زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕینی بیر و باوەڕی مێشکی هەر مروڤێک چونکوو بوونەوەرێکیش وەکوو مێروولە توانیویەتی بەدەیان جۆرو شێوە خانوو و کۆشک لە ژێری زەویندا ساز بکات بەڵام ئایا دەتوانین بە خاوەن فەرهەنگ ناویان لێ ببەین؟ چونکوو فەرهەنگ بە واتە؛ هەموو ئەو عادات و داب و نەریتانە و ئەو مەهارەتانەی کە مرۆڤ وەکوو تاکە کەسێک لە کۆمەڵی دەور و پشتی خۆی فێری دەبێت.
بە لەناوچوونی زمان، فەرهەنگیش دەمرێت
لە راستیدا هەرکات باسی زمانی نەتەوەیەک دێتە ئاراوە بێ خوروو لە فەرهەنگ و کولتووری میللەتێک دەدوین چونکوو فەرهەنگی هەر نەتەوەیەک، زمان و زاراوەکان و جل و بەرگ، داب و نەریتەکانی ئەو میللەتە دەگرێتە بەر کە لە راستیدا زمان گرینگترین تایبەتمەندی هەر فەرهەنگێکە و بە لەناوچوونی زمان، فەرهەنگیش دەمرێت کە ئیسمایل بێشکچی لەم بارەوە دەڵێ: ئەگەر دەتەوێت نەتەوەیەک لە ناو ببەیت پێویستت بە تانک و تۆپ نیە ئەتوانی بە لەناوبردنی زمانی نەتەوەیەک، ئەو نەتەوەیە لەناو بەری.
زمان کەرەستەیەکە بۆ دەربڕینی بیر و باوەڕی مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی دیکە، زمان ئامێری راگەیاندنی بیر و باوەڕەکانی هەر مرۆڤێکە، کە هەرچەندە زمان رێک و پێکتر بێ، راگەیاندنەکە بە جوانی و راستی جێبەجێ دەبێ، بەڵام لە لای تاقمێک کە شارەزایێک زانستیان لە سەر زمان نیە دەڵێن زمان ئامێرێکە تەنیا بۆ پەیوەندی گرتنی مرۆڤەکان و ئیدی هیچ…!
جێگای ئاماژەیە کە ئەم بابەتە چونکوو تاکوو ئێستا لە وڵاتانی ئێمە بە جوانی بایەخی پێ نەدراوە، زمان وشەیەکی شاراوە و نەهێنیە کە دەبێ لە ڵایەن کاربەدەستان و زمانەوانان و وێژەوانان لە سەری لێکۆڵینەوە و بایەخی زێدتری پێ بدرێت تاکوو کاریگەری زمان لە هەموو بوارەکانی زانستی و دەروون ناسیدا بۆ هەمووان روون ببێتەوە و ئیدی زمان تەنیا بە چاوی ئامێرێک بۆ پەیوەندی گرتن نەناسن.
سەردەمی مێدیا و راگەییاندن
زمانی دایکی، لەم سەردەمەدا لە پلە و پایەیەکی تایبەت لە جیهاندا چاوی لێ دەکەن چونکوو زمانی هەر میللەتێک پێناسەی ئەو نەتەوەیە کە پیشاندەری دەوڵەمەندی و پەرەسەندنی کولتووری و فەرهەنگی، ئابووری و رامیاری ئەو گەڵانەیە کە وتووێژی پێ دەکەن. هەڵبەت جێگای ئاماژەیە کە ئەو بیر و باوەڕە کە گرینگایەتی زمان لە هەموو بوارەکانی زانستی و فەلسەفی رامیارییەوە گەیشتووەتە تەشقی خۆی و زۆر لە زاناییان و وێژەوانان لە باری زانستیەوە لە جیهان لە سەری تۆژینەوە و لێکۆڵینەوە دەکەن. تا ئەو رادەیە بایەخی پێ دراوە کە ساڵانە میلیۆنها دوڵار موچەی بۆ دابین دەکەن و ساڵی ۱۹۹۹ لە ڵایەن رێکخراوە نەتەوە یەکگرتووەکانی یونێسکۆ بە ناوی ساڵی زمانی زگماکی ناو نرا و رۆژی دووی رەشەمە (۲۱ فوریە) بە ناوی رۆژی جیهانی زمان دایکی هەڵبژێردراوە، بۆ پتر بایەخدان و پاراستنی زمانی دایکی.
بە پێ هەڵژمێری یونسکۆ لە دونیا هەنووکەی ۶۰۰۰ هەتا ۶۵۰۰ زمان هەیە کە هەرکام بە هۆی جیهانی بوون و کەمتر خەمی دەسەڵات و نەبوونی ناوەندەکانی زمان ناسی و … زۆربەی زمانەکان ڵاواز بوونە کە لە هەر ۱۲ رۆژ زمانێک لە ناو دەچێ و لە چەند دەهەی داهاتوو مەترسیێکی گەورە هەموو نەتەوەکان دەگرێتە بەر چونکوو بە مەرگی زمانێک نەتەوەیەکیش دەمرێت.
هەڵبەت لە هەموو وڵاتانی یەکیەتی ئورووپی زمانی دایکی بە جوانی بایەخی پێ دراوە وەکوو ماڤی شارومەندی هاووڵاتیان لەبەر چاوگیراوە و بایەخی پێ دەدەن و لە قوتابخانەکان و زانکۆوەکانیان بەچەند زمانی فەرمی راهێنانیان هەیە وەکوو وڵاتی سویس بە چوار زمان، بلژیک بەسێ زمان و سەنگاپوور بە چوار زمانی فەرمی و ئەو وڵاتانە زۆر سەرکەوتنیان لە هەموو بوارەکانیانا هەیە. چونکوو بە پێ هەڵژمێری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رامان: فێربوونی زمانەکانی دیکە لە تەنیشت زمانی دایکی ماددەی خۆلەمێشی مێشک کە ئەرکی جێبەجێ کردنی زانیارییەکانە پەرە دەسێنێت کە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی عیلم و زانست لە قوتابخانە و زانکۆوەکاندا. بەڵام بەداخەوە لە وڵاتی ئێران کە زێدی فەرهەنگ و زانینه، هەرچەند لە دەستووری یاسایی وڵاتی ئیران لە ئەسڵی ۱۵دا بە تەواوی ماڤی خوێندن و نووسین به زمانی دایکی لە قوتابخانەکان وەکوو ماڤی شاروومەندی هەر هاووڵاتیێک لەبەر چاو گیراوە. بەڵام تاکوو ئێستا بۆ جێبەجێ کردنی ئەم ماڤە هیچ تیکۆشانێک نەکراوە، زمانی کوردی یەکێک لەو زمانانەیە کە لە ئێراندا هەیە و بە هۆی زۆر تایبەتمەندی کە هەییەتی لە بەرانبەر زەخت و گوشاری زمانەکانی فارسی، عەرەبی، تورکی و هۆژموونیجیهانی بوون، بەربەرەکانێ کردووە و خۆی لە مەرگ و نەمان رزگار کردووە و ئەم مانەوە بە بێ تێکۆشان و چاوەدێری وێژەوانان و زمانەوانان و چاڵاکانی مەدەنی و یارمەتی کار بەدەستان هیچ مانایەکی نەدەبوو کە ئێستا زمانی کوردی وەکوو چیا بەرزەکان، خۆی دەنوێنی و لە بەرانبەر گۆشارەکاندا بێ وچان راوەستاوە.
وە هەر وەها جێگای ئاماژەیە کە مانەوەی هەر زمانێک بەهۆی هەبوونی دەسەڵات، هەبوونی ئابووریێکی بە توانا کە بێتە پاڵپشتی بۆ دانانی گۆڤار و رۆژنامە و فێرگە و زانکۆو وەرگێڕان لە زمانێکە و بۆ زمانی دیکە وەویست و ئیرادەی ئەو خەڵکە کە ئاخافتنی پێ دەکەن دەورێکی هەرەگرینگی هەیە بۆ رزگاری لە مەرگ و دەوڵەمەند بوونەوەی هەر زمانێک.
ئەرکی ئێمە لە بەرانبەر زمانی دایکی
جێگهی ئاماژەیە کە بە راستی زۆر لە مامۆستایان و نووسەران بە دانانی وانەکانی فێرکاری زمانی کوردی که مافی شارومەندی هەر هاووڵایەتیکە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکی خۆیان لە بەرانبەر زمانی دایکی بە واتە زمانی کوردی و زێدەکەیان بەڕێوە بردووە بە بێ ئەوە کە ناویان لە هیچ شوێنێک ببێ تەنیا ناویان لەسەر دڵی قوتابیەکانیان و هاووڵاتیانیان جێگر ئەبێ و دەتوانین ئاماژە بە وانەکانی فێرکاری کە لە ساڵانی رابردوو تاکوو ئێستا لە کوردستان بەڕێوە دەچێ و چاڵاکی چاڵاکانی مەدەنی کە تێکۆشەرانی رێگەی پەرەسەندنی زمانی دایکین بکەین. هەر وەها دەبێ ئاماژە بەوه بکەین کە مامۆستایانی ئیدارەی بارهێنان و پەروەردە لە ناوچە کوردنشینەکان ئەنجامیان چاوەروانی ئەوەن کە بە شێوەییکی فەرمی بارهێنان بە زمانی کوردی دەس پێبکات.
ئەو خاڵانە کە لە سەر زمان و زمانی دایکی ئاماژەی پێ کرا. بە راستی ئەم بابەتە دەسەلمێنێ کە زمانی کوردی خاوەن کولتوورێکی دەولەمەندە و تاکوو ئێستا خەڵکی بە شێوەیەکی خۆڕسک هەوەڵی پاراستن و گەشەسەندنی زمانی کوردیان داوە، بەڵام بەداخەوە تاکوو ئێستا ئەم یاسا جێبەجێ نەکراوە کە چەندین هۆکاری هەیە یەکم کەمتر خەمی بەرپرسان- نەبوونی ژێرخانی تایبەت بۆ بەرێوە چوونی وانەی زمانی کوردی لە قۆتابخانەکان- نەبوونی مووچه بۆ گرتنی مامۆستای زمانی کوردی لە سیستمی وزارەتی راهێنان و پەروەردە وە بە داخەوە تاقمێکیش پێیان وایە کە بایەخ دان بە زمانی کوردی دەبێتە هۆی کێشە و دابران کە ئەم خاڵە هیچکاتێک روونادات و هەر وا کە شەهریار شاعیری تورکی ئازەری کە خۆی ئەوینداری زمانی دایکیە دەڵێ:
اختلاف لهجه نزاید بهر کس
ملتی با یک زبان کمتر به یاد آرد زمان
لەکن پاراستن و گەشەسەندنی زمانی دایکی چاوەڕوانی پەرەسەندنی وڵات بین لە هەموو بوارەکاندا هەروهها کە هایدگر دەڵێ: دونیای هەرکەس زمانەکەیەتی و ئێمە لە نێو زماندا ئەژین.