گۆڕان نیوز – «ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی»، هونەرمەندی کورد لە بواری فیلم و مۆسیقای فۆلکلۆردا، لە تەمەنی ٧٥ ساڵیدا لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
«ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی» کە ساڵانێک لە تەمەنی خۆی لە بواری فیلم و سینەمادا بە خزمەتی خەڵکی کوردستان بەسەر بردووە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 30ی ڕێبەندان بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجە لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
ئەو یەکێک لەو هونەرمەندانە بوو کە بە خۆشەویستی خەڵکەوە، درێژە بە چالاکییە هونەریەکانیدا، لە چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیشیدا ڕایدهگەیاند کە کوڕی نیشتمانە و شانازی بە خاک و ناسنامە و کولتوورەکەیەوە دەکات.
خوالێخۆشبوو «ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی» باسی لەوەی دهکرد کە ژیانی هونەری خۆی لە بواری سینەمادا قەرزداری بەهمەن قوبادی دەزانێت. سەرەڕای ئەوەی لە ماڵێکی کۆن لە یەکێک لە گەڕەکەکانی جەرگەی شاری سنە دهژیا، بهلام دڵخۆش بوو بە ژیانی و یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی، سوپاسگوزاری و مهردمداری بووە.
یەکێک لە بەشە گرنگەکانی ژیاننامەی ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی ڕۆڵی لە فیلمی «نیوهی مانگ» بوو. ڕەشتیانی لە فیلمی «نیوهی مانگ» لە ساڵی 1385ی ههتاویدا ڕۆڵێکی گرنگی بینی و بە لێهاتوویی خۆی توانی ئەو ڕۆڵە و خۆی بە بینەرانی سینەما بناسێنێت.
شایانی باسە سبەینێ ڕێکەوتی ١ی ڕەشەممەی ساڵی ١٤٠٣، ڕێوڕەسمی پرسە و یادی «ئەڵڵاموراد ڕەشیانی» لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.









