ئەنجومەنی فەرهەنگی

گۆڕان نیوز – کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان به‌ده‌ر کردنی ئادگارینامه‌ییک رایگه‌ییاندووه سامانه نەتەوەییکه‌کان له‌به‌ر کەمتەرخەمی بەرپرسان له کوردستان تاڵان ده‌کرن.

تاڵانکردنی سامانێکی نەتەوەیی و کەمتەرخەمی بەرپرسان له کوردستان

خەڵکی بەڕێزی مەریوان! ئاگادارتان دەکەینەوە ماوەیەکە بۆ چەندەمین جار گابەردەكانی “بەردەبووکان”ی کانی میران، لەسەر ڕێگای سەرەكی “مەریوان – باشماخ” لە لایەن کەس یان کەسانێکی هەلپەرەستەوە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دزین و وێران کردن.

هەروەک دەزانن بەردەبووکان چەند ڕیز بەردی بەرزی ڕاوەستاو بوون كە بە شێوەیەكی سروشتی وا داڕێژرابوون كە مرۆڤ هەستی دەكرد ئەمە یەكێك لە داڕشتنە دەگمەنەكانی كائێناتە. بۆیە باووباپیرانی ئێمە بۆ وڵامی پرسیاری چۆنیەتی دروستبوونی ئەو دیاردە ئەفسانەیان بۆ دروست کردووە و تیایدا زوڵم و داگیرکاری بێگانەکان و حاكمانی ستمکاریان پیشان داوە و تا ناخی ڕاستییەكان باوەڕیان پێ بووە. كەم نین ئەوكەسانەی لە كوردستان و بەتایبەتی دەوروپشتی مەریوانن كە  “ئەفسانەی بەردەبووکان”یان نەبیستبێ. ئەفسانەیەک كە باووباپیرانمان لەگەلیا ژیاون سینە بەسینە هێناویانە تا بەئێمەیان سپاردوە و ئێستا بووەتە بەشێك لە فەرهەنگ و كلتووری گەلەكەمان.

ئەگەرچی ئەم بەردانە دیاردەیەکی سروشتین، بەڵام  بۆ نەتەوەی كورد و بەتایبەتی خەڵكی ئەم دەڤەرە پڕن لە هێما و بوونەتە مۆركی نەتەوەیی و بەردەکان ڕاز و حەکایەت و ئەفسانە و ئۆستوورەیان لەخۆ گرتووە و بوونەتە سامان و میراتێکی فەرهەنگی و ڕابووردوو و ئێستا و داهاتووی ئێمەیان پێكەوە گرێ داوە. گومانی تێدا نییە كە نەمانی هەر کام لەو بەردانە دەبێتە هۆی ون بوونی ئەو ئەفسانەیە و هۆکارێکیشە بۆ شێواندن و شپرزەكردنی مێژووی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەی بەشێك لەم نێشتمانە.

ئێمە وەک کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان خەڵکی مەریوان بەگشتی و هەموو فەرمانگە و دامودەزگا حکومەتییەکان ئاگادار دەکەینەوە ڕێگە بگرن لەو دەستە ناپاك و بەرژەوەندخوازانەی کە بۆ چەندەمین جارە خەریکی تاڵانکردنی ئەو بەردانەن. بۆیە داوا لە دامودەزگا حكوومییەكانی پەیوەندیدار وەك ئیدارەی شوێنەوار و گەشتیاری(میراث فرهنگی و گردشگری) و سەرچاوە سروشتییەكان(منابع طبیعی)  و فەرمانداری مەریوان دەکەین بەدواداچوونی جیددی بکەن بۆ ئەو دزین و تاڵان کردنە و نەهێڵن درێژە بدرێت بەو وێران کردنە و پێویستە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.

کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *