گۆڕان نیوز- ساتێک لەگەڵ شاعیری بیرناسکی هەست‌بزوێن: ئەمیر هەڵەبجەیی؛
تۆ بڵێی ئازارەکانم بیر بچێتەوە!
من بیرم دێ ئەم قژەی تۆ
ڕەش بوو وەک چاوی عاشقان
گەنجێکی پێکەوتووی
هەی هەشتاکانی کانی‌عاشقان
من وا ئەزانم ئێستایە
تۆ هەر هاوڕێی کتێبان بووی
بە بەردەوام کتێبێکت
لە نێوان دەستا لوول دابوو
چەند پەڕەیەکی سپیشت
بۆ تێبینی تیا دانابوو
من مناڵ بووم حەزم ئەکرد
گەورە بم، ببم بە تۆ
ببم بە شاعیر و نووسەر
مێژووی شارێک بنووسمەوە
نەمئەزانی کتێبەکان
پرچ و ڕیشمان سپی ئەکا
نەمئەزانی چاوەکانمان
قەرزاری چاویلکە ئەکا
بڕوام نەبوو، ڕۆژێ پیری
زات بکا و بێتە سەر ڕێمان
لە جێی بەهەشتی کانی عاشقان
غەریبیی ببێتە جێمان
ئەم وێنەیەی تۆ کاک ئەمیر
وەکو زەنگێک ڕایچڵەکانم
بردمیەوە بۆ هەڵەبجە
بۆ شاری پڕ بەهای جوانم
ئەمیر محەمەد ئەمین ناسراو بە «ئەمیر هەڵەبجەیی» یەکێکە لەو کەسایەتییانەی کە لە هەڵەبجەوە دەرکەوتووە و ناوبانگی بە شارەکانی کوردستاندا بڵاو بووەتەوە.
ساڵی ۱۹۵۷ لە بەرامبەر باخی میری شاری هەڵەبجە لە دایکبووە و لە ساڵی ۱۹۸۹ لە زێدی خۆی دوور کەوتووەتەوە و لە شاری سلێمانی گیرساوەتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۹ ژیانی هاوسەری پێکیهێناوە، ئەمیر جگە لەوەی شاعیرە، فەرمانبەری نەخۆشخانەی ڕزگارییە لە سلێمانی.
«ئەم چرایەش کز دەسصوتێ خوا بکا نەکوژێتەوە»؛ ناوی یەکەم بەرهەمی شیعری ئەمیرە کە ساڵی ۱۹۷۹ لە لایەن شاعیر و نووسەری کۆچ‌کردوو «مەجید نەجم» بڵاو کراوەتەوە و ئێستاش بەردەوامە لە نووسین و جاربەجار شیعرەکانی لە زۆربەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو دەکاتەوە.
ئەمیر شیعر بە وڵاتێکی بێ‌پاسپۆرت دەشوبهێنێت و دەڵێت: شیعر ئەو دەروێشە پرچ درێژەیە، کە پێویستە لە خانەقای وشەدا حاڵ نەیگرێت، شیعر گۆڕینی خەیاڵە بۆ واقیع و خۆی لە خۆیدا نەخشەکێشی ڕووداوەکانە:
ئەو شاعیرە دەڵێ: من لە ماڵی شیعر نەبێت ناحەوێمەوە و هەر لەوێش سەرخەوەکەم دەشکێنم و هەمیشە لە حوزووری شیعردا بە پێوە دەوەستم.
ئەمیر پێی وانییە بتوانێت بێ شیعر بژیت و کۆپلە هۆنراوەیەکی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس بە نموونە و بەڵگەی ڕاستی و دروستی وتەکانی دەهێنێتەوە، کە دەڵێ:
ئەدەب بەشێکە هەر بۆ مەرد دەشێ
نامەرد ئەدەبی قەت لێ ناوەشێ
دوور بە لەو کەسەی لە ئەدەب دوورە
ماڵی بێ ئەدەب ماڵی بێ نوورە.
ئەو شاعیرە لە بارەی شاعیرە گەنجەکان و شیعرەکانیان دەڵێ: کۆمەڵێک دەنگی جوان هەن کە پەلکێشمان دەکەن بۆ ماڵی شیعر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بێ‌سەروبەرەیییەک لە بوارەکەدا بەدی دەکەیت و جیاکردنەوەی دەنگە ڕەسەنەکان کارێکی ئەستەمە.
هەروەها دەڵێ: بەداخەوە هەموو ئەو نووسینانە ناچنە خانەی شیعرەوە، چونکە سەنگەری شیعر زۆر لەوە فراوانترە، بەڵام من پێم وایە خوێندنەوە لە نووسین باشترە.

چایخانەی شەعب ماڵی دووەمی ئەمیر
ئەمیر هەڵەبجەیی هاوشێوەی زۆر لە ڕۆشنبیر و نووسەرانی دیکەی شاری سلێمانی چایخانەی شەعبی کلتووری بە ماڵی دووەمی خۆی دەزانێت و ڕۆژانە دوای تەواوبوونی دەوامی فەرمانگەکەی ڕوو دەکاتە ئەو چایخانەیە ئەنجامداوە.
ئەمیر باس لەوە دەکات ئێستا سەدا نەوەدی ئەو کەسانە دەناسێت کە هاتوچۆی چایخانەکە دەکەن و چایخانەکەش بە چەترێک دەشوبهێنێت، کە هەمووانی کۆ کردووەتەوە.
هەرچەندە ئەو شاعیرە زۆربەی کاتەکانی لە دەرەوەی ماڵ و لە چایخانەی شەعب بە سەر دەبات، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی کێشەی خێزانی، چونکە وەک خۆی دەڵێت هاوسەرەکەی بە باشی لێی تێدەگات و جەختیش دەکاتەوە کە هەرچەندە هاوسەرم دیوە دینییەکەی زۆر بە قووڵی گرتووە، منیش ئەمدیوی، بەڵام لە سایەی خوای گەورە و دلۆڤانەوە تا ئێستا بە دەنگی بەرز قسەمان لەگەڵ یەکتر نەکردووە:
ڕۆژانە کە ئەمیر سەردانی چایخانەکە دەکات، نزیکەی ۱۰ چا دەخواتەوە، کە چوار دانەیان خۆی پارەکەی دەدات و ئەوەی دیکەش لە لایەن کوڕانی مام شەریفی چایەچی، کە چایخانەکە بەڕێوە دەبەن و هاوڕێکانییەوە وێر دەکرێت.
لە ئەگەری نەبوونی چایخانەی شەعبدا ئەمیر ڕوو لە کوێ دەکات؟ پرسیارێکی دیکە بوو کە «سڤیل» ئاڕاستەی کرد، ئەویش بە ڕاشکاوییەوە گوتی ئەگەر شەعب نەبێت، خۆ ئەگەر قاوەخانەی یەک و دوو و سێ نەبووایە، ئەوە بێ‌گومان شەقام باشترین هاوڕێم بوو.

 ئەمی دەچێتە ناو سیاسەتەوە
ئەو شاعیرە بەوە ناسراوە، کە کەسێکی کۆمەڵایەتییە، هەر بۆیە توانیوییەتی جەماوەرێکی زۆر لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە، هەر بۆیە بڕیاری داوە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم لە سەر لیستی سەربەخۆ خۆی کاندید بکات و ئومێدیشی زۆرە بۆ بردنەوەی هەڵبژاردنەکان.

 ڕێکپوشی عاشقبوون
گەرچی ئەمیر لە ئێستادا چووەتە ناو تەمەنەوە، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو شاعیرە لە گرنگیدان بە خود و گرنگیدان بە شێوازی پۆشینی جلوبەرگ دوور بکەوێتەوە و ئێستاش هەست بەوە دەکات کە لە تافی لاوێتیدایە. دەڵێ تا ئەوەندەی جوانی خۆی پێم دەڵێت بەسە، حەزم لە ڕێکپۆشی و جلوبەرگی جوانە، باوەڕ بکە

ئەوەندەی فامم کردبێتەوە و گەورە بووم، بە بێ بۆینباخ نەبەستم ڕۆژانە نازانم ڕێ بکەم.
ئەمیر بەراوردێک لە نێوان قۆناغی گەنجێتی و قۆناغی ئێستای ژیانی دەکات و دەڵێ ئێمە لە سەردەمی گەنجێتیماندا زۆر ناڕەحەتی و چەرمەسەریمان چەشتووە، بەڵام ژیانی ئەوکات لە ئێستا زۆر خۆشتر بوو.
ئەو هۆکاری ئەو قسانەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ئەوکات تەماع و پاشقولگرتن لە یەکتر نەبو و ژیان سادە و دەروێشانە بوو، جیهانێکی ڕۆمانسی بوو، چونکە پارە دەورێکی وای نەدەبینی، ئێستا هەموو شتێک بووە بە پارە، سەد ڕەحمەت لە پیرەمێرد کە دەڵێت:
ئــەوەی لــە پــارە نــزیــک بــێــتــەوە
ڕەوشــتــی بــەرزی بــیــر دەچـێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی دیمانەکەی «سڤیل»دا، ئەمیر دێتە سەر باسی عاشقبوونی خۆی و پەیوەندییە سۆزدارییەکانی و ڕایدەگەیەنێت کە عەشقی ئەو بێ‌سنوور بووە و لەگەڵ ئەوەشدا چوار تا پێنج پەیوەندی هەبووە و چەند پەیوەندییەکی دیکەشی ڕەتکردووەتەوە.

 زەردەخەنەی هەمیشەیی ئاماژەیەک بۆ ناسینەوەی ئەمیر
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ئەو شاعیرەی پێ دەناسرێتەوە، ئەوەیە کە ئەو بەردەوام خەندەی لە سەر لێوە و بەردەوام لە ناو هاوڕێکانیدا دەم بە پێکەنینە.
گەرچی ئەو چەند ساڵێک بەر لە ئێستا «میلانۆ»ی تاقانە کوڕی لە دەستداوە و ئازارێکی زۆری بۆ جێهێشتووە، بەڵام بە هۆی زۆری ئازاری لە دەستدانی کوڕەکەیەوە ماڵئاوایی لە خەم و ئازار کردووە و زەردەخەنەی کردووە بە هاوڕێی هەمیشەیی خۆی.
لە سەر گۆڕەکەی میلانۆ شیعرێکی باوکی دەبینیت کە نووسیوییەتی:
ئــەو گــڕ و کــڵــپەی لــە نــاو دڵمــایە
هــیــچ هـێــزێک نــییە بــیـکوژێنێتەوە
مەگەر جــارێ‌تــر دەســکــەیـتـە ملم
ئــازارەکــانــم بــیــر بــچــێــتــــەوە

تــۆ بــڕیــارت دا بــە جــێم نــەهێڵــی
کــوڕ و هــاوڕێــم بــی لــە تــەنـگانەدا
کــەچــی بــای خــەزان دەرفـەتـی نەدا
هــەرچــی ئـاواتم هەمووی بــە بــا دا.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *