گۆڕان نیوز- فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی کوردستانە و چیرۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە چیرۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە چیرۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ شیعرەکانی دیکەی.
بەرایی
مێژووی چیرۆکەشیعر لەئەدەبی کوردی بە گشتی و ئەدەبی منداڵان بە تایبەت دێرینە و شاعیران و نووسەرانی کوردییش ئاوڕییان لێداوەتەوە و بە نووسین و وەرگێڕان، مەڵۆیەکییان خستووەتە سەر خەرمانی چیرۆکەشیعری منداڵان و خەرمانێکی پڕ پیت و بەرەکەتییان وەسەریەک ناوە.
چیرۆکەشیعر، لە چیرۆک و شیعر پێکهاتووە، واتا هەم چیرۆکە و هەم شیعر و بە شیعر چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە یان (لەڕووخساردا شیعـرە و لەناوەڕۆکـیشدا چیرۆکە. بنەما و پێویستییە سەرەکییەکانی شیعـر و چـیرۆکیشی تێدایە). کەواتە چیرۆکە شیعر بنەماکانی چیرۆک و شیعریشی تێدایە و لەچیرۆکەشیعردا هەم شیعر و هەم چیرۆک بەهەموو بنەماکانیانەوە دەخوێنینەوە.
داهێنەری چیرۆکەشیعر
شاعیری فەرەنسی (لاڤـۆتین: ۱۶۲۰ـ ۱۶۹۵) بەداهـێنەر و پێشەنگی چـیرۆکەشیعـری ئەفسانەیی بۆ منـداڵان لەجیهانـدا ناسراوە و چیرۆکەشیعـری بۆ منداڵان نووسیوە و وەرگـێڕدراونەتە سـەر زۆربـەی زمانەکانی گەلانی جیهان بەزمانی کوردیشەوە.
شاعیرانی کوردیش بەنووسینی چیرۆکەشیعر ئەدەبییان دەوڵەمەند کردووە بەتایبەتی ئەدەبی منداڵان، لە ئەحمەد شەوقی بەڕەچەڵەک کورد بگرە تا بێکەس و پیرەمێرەمێرد و زێوەر و لەتیف هەڵمەت و ئێستەیش ئەمین محەمەد و عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی و فەرید ڕاژین و …هتد.
فەرید ڕاژین و چیرۆکەشیعری منداڵان
فەرید ڕاژین شاعیرێکی گەنجی شاری سنەی کوردستانە و چیرۆکەشیعر دەنووسێت و لەوبوارەدا جێ پەنجەی دیارە و چەند جارێک خەڵات کراوە و لێرەدا دەمەوێت ئاوڕێک لە چیرۆکە شیعری (خرتێ) بدەمەوە، کە چیرۆکە شیعرێکە و دەیکەمە مشتێک لە نموونەی خەرواری ڕوانین بۆ شیعرەکانی دیکەی.
چیرۆکەشیعرەکە
باسی بەچکە سمۆرەیەک (خرتێ) دەکات دوای وەرگرتنی مۆڵەت لەدایکی تا بۆ یاریکردن (کایەکردن) لەماڵ بچێتەدەر، هەر چەند دایکی پێیدەڵێت زۆر دوورنەکەوێتەوە، بەڵام بەدەم یاریکردنەوە(کایەکردنەوە) لەبیری نامێنێت و لەماڵ دووردەکەوێتەوە و بەماڵەوە نازانێت تا دەگاتە بەردێک و لەوێ دەنگێک دەبیستێت و سەرنج دەدات دەبینێت ڕێوییە، بەچکە سمۆرەکە زۆر دەترسێت، بەڵام قەلەڕەشێک (قاڵاو) لەوێ لەسەر دارێک دەبێ و پێیدەڵێت ڕاکە و وەرە سەردارەکە و بەچکە سمۆرەکە دەچێت و قەلەڕەشەکە لەوێ ناونیشانی ماڵیانی لێ دەپرسێت و ئەویش بەچاوی پڕ لەفرمێسکەوە پێیدەڵێت، بەڵام قەلەڕەشەکە دەیەوێت فریوی بدا و دەڵێت ماڵێکی خۆشم بۆ تۆ هەیە و دەیەوێت بەبیانوی خواردنی خۆش بیباتە کونەکەوە و دوای پشوودان دەتبەمەوە ماڵەوە. سمۆرە باوەڕی پێدەکات، بەڵام پەپولەیەکی لێ پەیدا دەبێت و بەنهێنی پییدەڵێت: قەلەکە درۆ دەکات و دوژمنتە و قسەی دایکیشی بیردەکەوێتەوە، کە وای پێگوتووە و ناونیشانەکەشی باڵدارێکی بۆر و ڕەشە و دەنگیشی ناخۆشە، بۆیە یەکسەر بەدزی قەل و ڕێوی دەستی پەپولە دەگرێت و بەیەکەوە هەڵدێن، پاشان ماندوو دەبێت و داوای ئاو دەکات و کەروێشکیش لای کیسەڵ ئاوی بۆ دێنێت. دوای پشوودان خەوێ دێت و خەریک دەبێت خەوی لێ بکەوێت گوێی لەدەنگێک دەبێت و دەیناسێتەوە دەنگی دایکییەتی و خێرا بەرەو دایکی ڕادەکات و خۆی دەخاتە ئامێزی و داوای لێبووردنی لێ دەکات و پاشان سوپاسی پەپولەکە دەکات.
شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر
سەرەتا دەبێت بزانین شێوازی نووسینی چیرۆکەشیعر بۆ منداڵان: (سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێ وگۆڵ و تەبا بێت بە قۆناغەکانی تەمەنی منداڵان.. بەزۆریش چـیرۆکەشیعـر هـێمایییە و لەسەر زمانی باڵندە و ئـاژەڵان دەینووسن و دەیگـێڕنەوە).
دەتوانین بڵێین چیرۆکەشیعرەکە سوکوئاسان و ڕەوان و بێگرێوگۆڵە و تەبایە بەو تەمەنەی بۆی نووسراوە و دەتوانن بەئاسانی ئەزبەری بکەن و ماندوو و هەناسە سوار و بێ بێزاریان نەکات و لەخوێندنەوەی بەردەوام بن، واتا لێی بێزار نابن تا وەلای بنێن و نەیخوێننەوە.
چەند نموونەیەک لەچیرۆکەشیعرەکە:
خرتێ کە لە خەو هەستا
تا لای دایکی نەوێستا
یان
خرتێ بەچکە سمۆرەس
خۆی وا ئەزانێ گەورەس
یان
ئەمن ماڵی خوەشم هەس
کە تایبەت بە سمۆرەس
یان
جا پەپوولەیش وتی پێ
ئیتر ئاگات لە خۆ بێ
خرتێش کردی سپاسی
وتی ئەتۆ زۆر خاسی
وێنە لە چیرۆکەشیعرەکەدا
پەیوەندی وێنە و شیعر و چیرۆک لەئەدەبی منداڵاندا پەیوەندییەکی پەرچکەرەوە و پتەوە و زۆرجار وێنەی ناڕوونی و ئاڵۆزیی چیرۆکەکە بۆمنداڵ ڕووندەکاتەوە و وادەکات بەئاسانی تێی بگات، واتا گەر منداڵ لە چیرۆکەشیعرەکە نەگەیشت، دەکرێت بەدیتنی وێنەکە لەمەبەستی چیرۆکەشیعرەکە بگات. بۆیە پێویستە وێنەکێش کە وێنە بۆ چیرۆکە شیعرێک دەکێشێت، زۆر بەوردی و پاش چەند جارێک خوێندنەوەی چیرۆکەشیعرەکە ئینجا وێنەکە بکێشێت، چونکە ئەگەر وێنەکە پەرچکەرەوەی چیرۆکە شیعرەکە نەبێت و بەوێنە چیرۆکەشیعرەکەمان بۆ نەگێڕێتەوە، ئەوا باڵانسی وێنە و چیرۆکەشیعرەکە تێکدەچێت و میزاجی منداڵ دەشێوێنێت.
لەم چیرۆکەشیعرەشدا، هەر لاپەڕەیەک وێنەی تایبەت بەخۆی هەیە و وێنەکێشەکە توانیویەتی بە سەلیقەیەکی زۆر لێهاتووانە، جوان، ورد و نوێگەرییانە وێنەکان بکێشێت، کە بێگومان دەتوانم بڵێم زوو سەرنجی منداڵ بۆخۆی کێش دەکات و بەدڵنیایییەوە منداڵان لە وێنەکانەوە لە چیرۆکەشیعرەکە دەگەن و چێژی تایبەتی لێوەردەگرن، ئەگەر هێشتا فێری خوێندنەوەش نەبووبن، چونکە دەزانین منداڵ سەرەتا لە وێنەوە دەست پێ دەکات و پاشان خوێندنەوە.
لوت سپی و خرتێ
لوت سپی فیلمێکی کارتۆنی بەرهەمی کەناڵی کودساتە و لەگەڵ خرتێ باسی بەچکە سمۆرەیەک دەکەن. ڕاستە لە هەندێک شتدا یەکناگرنەوە، بەڵام یەک کۆتاییان یەکە و دەتوانین بڵێین شاعیر لەکاتی نووسینی ئەم چیرۆکەشیعرە سیلەی چاوێکی لەسەر فیلم کارتۆنەکە بووە و کاری تێکردووە.
ئەنجام
چیرۆکەشیعری (خرتێ) بە زاراوەی ئەردەڵانی (سنەیی) نووسراوە، بەڵام مەرج نییە ڕێگر بێت لەوەی هەموو منداڵانی کورد بیخوێننەوە و وەکو ئاو و دۆ ئەزبەری بکەن، بەڵام تێی نەگەن. بۆیە لەگەڵ هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر بۆ شاعیر فەرید ڕاژین، دەخوازم لەمەودوا خۆی لەو وشانە بەدووربگرێت بەدنیا پاک و بێگەردەکەی منداڵ نامۆ و نەشیاون و کوردی نین و لە کوردیدا وشەی گونجاو و جوانتر هەیە و هەر چەند ئەم چیرۆکەشیعرە (خرتێ) زۆر درێژ نییە، بەڵام چیرۆکەشیعرەکانی دیکەی درێژن و دەکرێت لەمەودوا ڕەچاوی ئەمەش بکات و بەزمانێک بنووسێت هەموو منداڵانی کورد تێی بگەن.
سەرچاوەکان:
چیرۆکەشیعر لە ئەدەبی منداڵانی کورد … ڕەزا شوان.
خرتێ، فەرید ڕاژین، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم ساڵی۱۴۰۰ی هەتاوی، وێنەکێش: شەقایەق نوسرەتی.