
گۆڕان نیوز – کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان بهدهر کردنی ئادگارینامهییک رایگهییاندووه سامانه نەتەوەییکهکان لهبهر کەمتەرخەمی بەرپرسان له کوردستان تاڵان دهکرن.
تاڵانکردنی سامانێکی نەتەوەیی و کەمتەرخەمی بەرپرسان له کوردستان
خەڵکی بەڕێزی مەریوان! ئاگادارتان دەکەینەوە ماوەیەکە بۆ چەندەمین جار گابەردەکانی “بەردەبووکان”ی کانی میران، لەسەر ڕێگای سەرەکی “مەریوان – باشماخ” لە لایەن کەس یان کەسانێکی هەلپەرەستەوە کەوتوونەتە بەر شاڵاوی دزین و وێران کردن.
هەروەک دەزانن بەردەبووکان چەند ڕیز بەردی بەرزی ڕاوەستاو بوون کە بە شێوەیەکی سروشتی وا داڕێژرابوون کە مرۆڤ هەستی دەکرد ئەمە یەکێک لە داڕشتنە دەگمەنەکانی کائێناتە. بۆیە باووباپیرانی ئێمە بۆ وڵامی پرسیاری چۆنیەتی دروستبوونی ئەو دیاردە ئەفسانەیان بۆ دروست کردووە و تیایدا زوڵم و داگیرکاری بێگانەکان و حاکمانی ستمکاریان پیشان داوە و تا ناخی ڕاستییەکان باوەڕیان پێ بووە. کەم نین ئەوکەسانەی لە کوردستان و بەتایبەتی دەوروپشتی مەریوانن کە “ئەفسانەی بەردەبووکان”یان نەبیستبێ. ئەفسانەیەک کە باووباپیرانمان لەگەلیا ژیاون سینە بەسینە هێناویانە تا بەئێمەیان سپاردوە و ئێستا بووەتە بەشێک لە فەرهەنگ و کلتووری گەلەکەمان.
ئەگەرچی ئەم بەردانە دیاردەیەکی سروشتین، بەڵام بۆ نەتەوەی کورد و بەتایبەتی خەڵکی ئەم دەڤەرە پڕن لە هێما و بوونەتە مۆرکی نەتەوەیی و بەردەکان ڕاز و حەکایەت و ئەفسانە و ئۆستوورەیان لەخۆ گرتووە و بوونەتە سامان و میراتێکی فەرهەنگی و ڕابووردوو و ئێستا و داهاتووی ئێمەیان پێکەوە گرێ داوە. گومانی تێدا نییە کە نەمانی هەر کام لەو بەردانە دەبێتە هۆی ون بوونی ئەو ئەفسانەیە و هۆکارێکیشە بۆ شێواندن و شپرزەکردنی مێژووی سەدان و بگرە هەزاران ساڵەی بەشێک لەم نێشتمانە.
ئێمە وەک کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان خەڵکی مەریوان بەگشتی و هەموو فەرمانگە و دامودەزگا حکومەتییەکان ئاگادار دەکەینەوە ڕێگە بگرن لەو دەستە ناپاک و بەرژەوەندخوازانەی کە بۆ چەندەمین جارە خەریکی تاڵانکردنی ئەو بەردانەن. بۆیە داوا لە دامودەزگا حکوومییەکانی پەیوەندیدار وەک ئیدارەی شوێنەوار و گەشتیاری(میراث فرهنگی و گردشگری) و سەرچاوە سروشتییەکان(منابع طبیعی) و فەرمانداری مەریوان دەکەین بەدواداچوونی جیددی بکەن بۆ ئەو دزین و تاڵان کردنە و نەهێڵن درێژە بدرێت بەو وێران کردنە و پێویستە بە شێوەیەکی بەرپرسانە ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
کومیتەی فەرهەنگیی ئەنجومەنی فەرهەنگی – ئەدەبیی مەریوان




