مظفر کامگار موسیقی

گۆڕان نیوز- ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۳ی گه‌لاویژ، مۆزەفەر کامگار، یەکێک لە مۆسیقاژەن و مامۆستایە گەورەکانی موسیقای کوردستان، به هوی نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

یەدوڵڵا نوورانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی مۆسیقای کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێری گۆڕان ڕایگەیاند: مۆزەفەر کامگار یەکێک لە مۆسیقاژەنە گەورەکانی موسیقای کوردی ئەمڕۆ بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو زیادی کرد: بە پێی ئەو پلانانەی کە دانراون، سبەی هەینی، ڕێوڕەسمی پرسە و ناشتنی خوالێخۆشبوو موزەفەر کامگار لە بەشی هونەرمەندانی بێهەشت محەممەدی لە شاری سنە بەڕێوە دەچێت.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمەڵەی مۆسیقای کوردستان ڕایگەیاند: پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی کۆمەڵگەی هونەری و مۆسیقی و بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مۆزەفەر کامگار و خەڵکی کوردستان دەکەم کە هونەریان خۆشدەوێت. ڕۆحی شاد و یادی بە نرخ بێت.
ڕەحمەتی نوێنەری کۆمەڵەی مۆسیقای ئێران لە کوردستان هەروەها ڕایگەیاند: خوالیخوشبو موزەفەر کامگار یەکێک لە هونەرمەندە ئەخلاقییەکان و بەتواناکانی ئێران بوو کە ساڵانێکی زۆر خزمەتی فەرهەنگ و هونەری لە بواری مۆسیقادا کردووە.
ڕوونیشی کردەوە: ئامێری تایبەتی ماموستا کلارنێت بوو، یەکێک بوو لە وەستاکانی ڕێکخستنی مۆسیقا و نووسینی مۆسیقا و خوێندنەوەی مۆسیقا.
شایانی باسە ماموستا”موزەفەر کامگار” ساڵی ۱۹۴۳ لە گەڕەکی چوارباغی شاری سنە لە دایکبووە و هەر لە تەمەنی منداڵییەوە عاشقی هونەر و فێرکاریی هونەرمەندانی گەورەی وەک ماموستایانی کۆچکردوو حەسەن و حوسێن یوسفزەمانی بووە. دوای چەندین ساڵ، مۆزەفەر کامگار بە کارێکی درەوشاوە پەیوەندی بە گروپی مۆسیقای ئەرته‌شی ۲۸ی کوردستانەوە کرد. لەو ماوەیەدا لەگەڵ هونەرمەندان و ماموستایانی بەناوبانگەکانی سەردەمی خۆی، وەک حەسەن زیرەک، فەتتانە وەلیدی، حکمەت نۆبه‌ری، بەهائەدین نوروزی، پیر زهه‌یری، ئیرەج ئەندەلیبی، هوشه‌نگ شگرف، و عەبباس کەمەندی خوالێخۆشبوو کاری کردووە. لەگەڵ هونەرمەندانی ناوداری ئەو سەردەمە لە زیاتر لە ۱۰۰ کۆنسێرتدا لە تاران (هۆڵی وەهدەت، ئەندێشە، و ناوەندی فەرهەنگی بەهمەن) و لە شاری سنە (هۆڵی ڤیلاپارک لەسەر بانگهێشتی پرۆفیسۆر حەسەن زیرەک کە لە تارانەوە هاتبوو بۆ سنە بۆ نمایشکردن)، لە شارەکانی ئیلام، سەققز، مێهران، و دێهلۆران، کۆنسێرتی پێشکەش کرد.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *