
گۆڕان نیوز- مرۆڤ وەکوو بەڕێزترین بوونەوەر لە سەر زەوین، خاوەنی پله و پایەکی تایبەت و هەروەها خاوەنی بەرپرسایەتیەکی گشتیە، وە بەو ڕادەی کە ئاغایە بە سەر گیانلەبەراندا، بەو ڕادەیەش، بەرپرسی پاراستنی سروشت و جوانیەکانی و گیانلەبەرانیەتی. مەبەستمان لە سروشت، هەموو لایەنەکانی سروشتە؛ واتە گژ و گیا، دار و دەوەن و جڕ و جانەوەر. بەڵام زۆر مەخابن، بەشێک لە مرۆڤ نە ئەو ڕێزە بۆ خۆیان دادەنێن و نە هەست بە بەرپرسایەتی دەکەن، بۆیە شیاون کە خوای پەروەردگار پێیان بفەرموێ: ﴿ وَ إِذَا تَوَلَّىٰ سَعَىٰ فِی ٱلْأَرْضِ لِیُفْسِدَ فِیهَا وَ یُهْلِکَ ٱلْحَرْثَ وَ ٱلنَّسْلَ ۗ وَٱللهُ لَا یُحِبُّ ٱلْفَسَادَ ﴾ (بقره: ۲۰۵) واتە: «کاتێ پشت هەڵدەکا و دەڕوا، تەقەللای بۆ خراپکاری و وێرانیە لە سەر زەویندا، وە بۆ نابوودکردن و لە بنەو بڕینی کشتوکاڵ و دەخڵ و ماڵ و چین و مناڵە، وە دیارە خودا قەت خۆشی بە خراپی و وێران کردن نایە».

خوێنەرانی ئازیز!پێویستە ئاوڕێک بدەینەوە بۆ دیمەنە جوانەکانی کوردستان کە بە ڕاستی پیشانگای بەهەشتی خودایە لە سەر زەوین. هەر لە قوپکەی داڵەهۆ لە کرماشان و هەزارهەزارەی کامیاران و شاهۆ و کۆساڵانی هەورامان بگرە، تا ئاربەبەی بانە و زمزیرانی سەردەشت و قەندیلی پیرانشار و داڵانپەڕی زیوە و ئاگری ورمێ، وە هەر لە چەم و چۆم و چیمەنەکانی بگرە تا دەر و دەشتە پڕپیتەکانی، هەمووی سەرتاسەر بانگەشەی پاراستنیان لە ئێمە دەکەن.
لە ناو ئەو هەموو دیمەنە سیمهنهدا، بوونی هەزاران جور لە گیانلەبەرانی کەم وێنەی ئاوی و خاکی و حەوایی، کوردستانی وەکوو گوڵستان ڕازاندووتەوە.▫️بەڵام دیسان بەداخەوە، لەم بوارەیشدا بڕێ ئینسان کەمترین بەرژەوەندی و قۆناغ و قەیرانی ئێستەی کوردستان لە بەر چاو ناگرن و ئەوەی وا لە دەسیان دێت لە خراپکردن و تێکدان و لە بن هێنان، نایگێڕنەوە، بەتایبەت چینی ڕاوچیانی بێبەزەیی کە سەرەڕای بێنیازی و بەس بۆ خۆشی و ڕابواردن، تۆم و تورمی هەموو زیندەوەرێکیان وە مەترسی خستووە.
ئەگەر سەیری کوردستانی سی ساڵ لەمەوبەر بکەین، دەزانین کوردستان هەموو دەشت و چیایەکی لە ڕاستیدا باغی وەحش بوو بۆ گیانلەبەرانی جۆراوجۆر کە زۆربەیشیان نەتەنیا بێئازار بوون، بەڵکە هۆی ڕازاوەیی و جوانی دیمەنی سروشت بوون؛ بۆ وێنە، ئاسکەکانی کێوی نژمەڕ و هانەکەڵان لە ناوچەی ژاوەرۆ، مامزەکانی کێوی ئەوڕەزاق لە ناوچەی سەقز و تەختەپۆش و پردەبەردینە لە ناوچەی هەوشار، زیاتر لە هەزار و پێنسەد سەر بوون.
بەڕاست جێی داخە کە زۆرێکیان لی دزرا و برا بۆ ناوچەی لەواسانی تاران و ئەوانی تریشیان کوژران یان تاران، وە بە جێی ئەو حەیوانە بێئازارانە، بەرازیان هێنا و لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی کوردەواریدا وێڵیان کردن و ئەمڕۆ خەڵک بەتایبەت جووتیاران و وەرزێران و دێنشینان، جاڕز و وەڕەز بوون لە دەستی ئەو بەرازانە. لێرەدا ڕاوچیان لە دزەکان خراپتر هێرش ئەکەنە سەر ئەو سروشتە جوانەی کوردەواری و تووی گیانلەبەرانی خۆش دەنگ و ڕەنگیان چنیوەتەوە.
کێ بێ نەزانێ کە لە پاڵ هەموو گوندێ و لە لاپاڵی هەر لانسارێ و لە تەنیشت مێخی هەر دەوارێ، لە هەر دەشت و ڕۆبارێ و هەر چیا و کۆسارێ کە ئینسان تێپەڕ ئەبوو، قاسپەقاسپی چێڵ و بەق، پیقەی نەچیر و مامز، فیتووی گاوانی و پەڕەسێلکە، سووتووی قمەڕەژە و قیژەی قازیقوڵەنگ و چکچکەی قەناری و سەیرە، تێکڕا گرووپی ئۆرکێسترێ بوو لە ئیستادیۆی سروشتی کوردەواری.▫️سەد مەخابن، بێبەزەییانە کەوتنە بەر هێرشی ڕاوکەرانی هەلپەرست و قەڵاچۆ کران. تەنانەت بە چالەکە و دەڵەک و ڕێوی و کەروێشک و ژووژوویش ڕەحمیان نەکرد.
تۆمەرەی هەموویان تۆماری مەرگ کرد. ڕۆخانە پڕخێرەکانی گادەر و شاروێران و جەغەتوو و قزڵوەزان و سیروانیشیان ژاراوی کرد و تورمی ماسیان بڕی پاراستنی سروشت و ژینگه، ئەرکی سەرشانی کێیە؟
لە بیرمە جارێکیان یەکێ لەم بێهەستانە، خۆی بە زیرەک دەناسان کە دەرەقەت کەروێشکی بەستەزمان هاتووە. چوار کەس بوون بە شەوا و بە چرای نوورپژین و بە چەکی گەرم، ههشتا و شهش کەروێشکیان کوشتووە. هەر چوار کەسیان دەوڵەمەن و بێنیاز بە گۆشتی ئەو حەیوانە بەستەزمانە بوون.
بەم شێوە و شێوازە ڕاوکردن، پێچەوانەی یاسای ئیسلامە و دژی هەرجۆرە بەزەیی و ڕەحمی مرۆڤایەتیە؛ خیانەت و دەسدرێژیە بۆ سەرمایەی نەتەوەیی و وێرانگەری و فەسادە بۆ سروشتی نیشتمانی.
لە بەر ئەوە، بەم هۆیە داوا ئەکەین لە هاونیشتمانانی بەڕێز، ئەم ڕاوچیە خافڵانە وەخەبەر بکەنەوە تا بەرژەوەندی هەموو لایەنەی ئایینی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، ڕامیاری و نەتەوایەتی لە بەر چاو بگرن و چیتر ئەم گەلە هەژارە، پڕپەژارەتر نەکەن؛ لانی کەم ئەو سروشتە خوداداوەی لێ نەسێنین، خۆ ئەو کەژ و دەشت و شاخ و شیوە، بەو جڕ و جانەوەرەوه جوانن، وە ئەو گیانلەبەرانەیش مافی ژینیان هەیە و بە ناحەق کوشتنیان لە گوناحانی گەورە بە ئەژمار دێ، چون خودا دەفەرمی: ﴿ وَ لَا تَقْتُلُواْ ٱلنَّفْسَ ٱلَّتِی حَرَّمَ ٱللهُ إِلَّا بِٱلْحَقِّ… ﴾ (إسراء: ۳۳) واتە: «مەکوژن گیانلەبەرێ بە ناحەق…» بڕێ لە زانایان ڕایان لە سەر ئەوەیە کە نەفس وشەی گشتیە لە نێوان هەموو گیاندارێک. هەروەها بڕینی داری بەرداریش بە ناحەق تاوانە.
هەڵبەت ئاماژەیش بکەین کە لە وەرزی بەهاردا، ئەو دیمەنە جوانانە، ئەو جێگە سەیرانانە، ئەو دەر و دەشت و کەژ و کێوانە، وە بە گشتی سروشتی ئەو کوردستانە، چۆن بێڕەحمانە ئەکەوێتە بەر پەلاماری ئەو گیا فرۆشانە (گیانفرۆشانە) وە ڕەگ و ڕیشە و ڕێخەی کنیواڵ و مەنێ و ڕێواس و کوڕادە و گیلاخە و قازیاخە، قارچک و پیچک و شنگ و کنگر لە بن دەر دێنن، وە زەرەرێکی بێ قەرەبوو له جوانی ئەم سروشتە و لە سەرمایەی ئەو میللـەتە دەدەن.
باش وایە ئەوانیش شێوازی خۆیان بۆ کەڵکوەرگرتن لەو هەموو گژ و گیای خواردنی و دەرمانی بگۆڕن و بە ڕیشەوە گیاکان هەڵ نەکەنن، تا ساڵانی داهاتوو شاخ و چیاکانمان ڕووت و بێبەر نەبن.▫️لەوەیش بە داختر ئەمەیە کە هەموو ساڵێ لە وەرزی هاویندا، نەیارانی ئەم نیشتمانە، ئاوری کینە و دەغەزی خۆیان بەرئەدەنە چڕ و دارسانی وڵاتەکەمان و لە هەر قوژبن و کەلێنێک بۆیان هەوڵکەوێ، دار و دەوەن و ئاڵفی لەوەڕگا و مێرگ و مووچە دەسووتێنن؛ بەم جۆرە ڕێ خوەش ئەکەن بۆ بنەبڕکردنی ئاژەڵداری و وەرزێری و مازوو و کەتیرە و جاچکەکردن و لە ئاکامدا، خەڵک بەرەو هەژاری، بێکاری و ملکەچی بیگانە ئهبەن تا بە هەزاران تەڵە و داوی سیگار و تریاک و خواردنەوەی گەوجی و زگلەوەڕێنی و خوێڕیەتی و ترسەنۆکی گرفتار بن.
عیلاجی ئەو هەموو زامە ناسۆرانە، بەس بە وشیاری و وریایی شۆڕەلاوەکانمان دەکرێ. پاڵ بە یارمەتی خوای گەورە، دەس بە دەس یەکتر بدەین بۆ چارەسەرکردنی گیر و گرفتەکانمان، نەیارانی گەلەکەمان دڵشکاو بکەین، خەواڵووان و خافڵان، هەر لە ڕاوچیان و گیاکەنانەوە بگرە، تا تەممەڵان و بێکاران، وشیار بکەینەوە و قۆڵی پاراستنی سروشتە جوانەکەمان هەڵماڵین.
بەرپرسایەتی و گەورەیی خۆمان وەکوو مرۆڤ، بە جێ بێنین تا لە ژێر تیشکی ڕووناکی ئەم ئایەتە پیرۆزە جێ بگرین: ﴿ وَ لَقَدْ کَرَّمْنَا بَنِی ءَادَمَ وَ حَمَلْنَاهُمْ فِی ٱلْبَرِّ وَ ٱلْبَحْرِ وَ رَزَقْنَاهُم مِّنَ ٱلطَّیِّبَاتِ وَ فَضَّلْنَاهُمْ عَلَىٰ کَثِیرٍ مِّمَّنْ خَلَقْنَا تَفْضِیلًا ﴾ (إسراء: ۷۰) واتە: «بەڕاستی ئێمە نەتەوەی ئادەممان بەڕێز کردووە، وە سوارمان (گەورەمان) کرد لە بەڕڕ و زەریادا و ڕۆزیمان لە شتانی خاوێن پێداوە و بە سەر زۆربەی درووسکراوانی خۆماندا بەڕێز و گەورەمان کرد».
سا بەڵکوو ئەم پلە و پایە و ئەم بەرپرسیە، لە بیر نەکەین و ئەرکی سەرشانی خۆمان، بە جوانی بە جێ بهێنین.
مامۆستا تەوفیق مینبەری (حفظه الله) دامەزرێنەر و مودیری مەدرەسەی زانستە شەرعیەکانی ئەسحاب (رض)