
گۆڕان نیوز- گەر نووسین بۆ منداڵان بەرپرسیاری و کارێکی قوورس بێت، ئەوا بۆ قۆناغی باخچەی منداڵان زۆر بەرپرسیارانە و کارێکی قوورسترە و دەمێکە نووسین بۆ قۆناغی باخچەی منداڵان جێگای مشتومڕە و لەدێرزەمانەوە تا ئێستا یەکلایی نەبووەتەوە کە قۆناغی باخچەی منداڵان قۆناغێکی پەروەردەیی و گۆشکردن و بارهێنانە یان خوێندن و فێرکردنە و… .
هەموومان حەزمان لە فڕینە و ئەگەر ئێستاش نەبێت، لەمنداڵیدا بەخەیاڵ دەشت و دۆڵ و چیاوچۆڵ و دارستانەکان گەڕاوین و حەزمان کردووە ئێمەش وەک مەلەکان دوو باڵمان ببووایەو بمانتوانیبوایە وەک ئەوان یان بەباڵی ئەوان بفڕین و بەئارەزووی خۆمان بۆ هەر شوێن و جێگایەک بمانویستبووایە بفڕین و گەشتێکی خۆش بەئاسمانی پانوپۆڕدا بکەین کە لە زۆرێک لە هۆنراوەی شاعیران شۆقی داوەتەوە کە هەنوکە هۆنراوە بۆ منداڵان دەنووسن.
(پاساری) بەرهەمێکی نوێی هۆنراوە بۆ منداڵانی شاعیر (چرۆ ڕەشید)ەو لەدووتوێی بەرگێکی جوان و ڕەنگاڵەیی (۵۴) لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە و شاعیر لەم کتێبەدا بەناوی (وتەیەک) دەنووسێت: (بەهۆی پیشەکەمەوە کە “مامۆستای باخچەی منداڵانم” بۆم دەرکەوت کارکردن بۆ منداڵ و لەگەڵ منداڵاندا ئەرکێکی زۆر قوورس و گرنگ و پڕ لە بەرپرسیارێتییە…).
هەروەها شاعیر لەدرێژەی وتەکەیدا پیماندەڵێت، منداڵی زۆر خۆشدەوێت و هەمیشە حەزی کردووە تێکەڵاویان و لێیانەوە نزیک بێت و ئەمەش هانیداوە بیرلەوە بکاتەوە کە بەزمانێکی تا ڕادەیەک سادە، ساکار و ڕەوان هەوڵبدات شیعر و چیرۆک خۆی وتەنی، بۆ هاوڕێ نەرمونۆڵ و میهرەبانەکانی بنووسێت و لەژوورەکان، کە مەبەستی ژوورەکانی ئەو باخچەی منداڵانەیە خۆی لێی مامۆستایە، لە گۆڕەپان کاتی یاری و وانەی چیرۆک، جووڵە و سەما و وەرزشدا… بۆیان بخوێنێتەوە تا بتوانێت بە پەروەردەیەکی جوان و دروست منداڵانی باخچەکەی، کە نەوەی دواڕۆژی نیشتمان و گەلەکەنی پەروەردە بکات. هەر چەند باشتر بوو لەجیاتی خوێندنەوە بێگومان بەئاواز و گۆرانی و جووڵەوە هۆنراوەکانی بۆ گوتبان، چونکە هەم منداڵ باشتر گوێی بۆ دەگرێت و هەم لای خۆشتر دەبێت و ئاسانتر وەری دەگرێت و بێ تاقەتی ناکات، نەک خوێندنەوە.
ڕیشەی هەموو هۆنراوەکانی دووتوێی بەرگی (پاساری) بۆ پرۆگرامی باخچە دەگەڕێتەوە و شاعیر وای بەلاوە باش بووە لەڕێگای چیرۆک و هۆنراوە دەتوانێت باشتر پەیامەکەی بەمنداڵ بگەیەنێت و منداڵیش بەوشێوەیە ئامادەیی باشترە، چونکە هۆنراوەکان لەگەڵ ئەوەی گوتمان پرۆگرامە، بەڵام هەڵقوڵاوی دنیای منداڵانن و منداڵان زیاتر هۆگریان دەبن و چێژییان لێوەردەگرن، چونکە سەر بە دنیای خۆیانن و ڕۆژانە بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵییان.
هەر چەند شاعیر بەر لەنووسینی هۆنراوەکان و لە کاتی نووسینیشییان زانیویەتی بۆ کێ دەنووسێت و ئامانجی لە نووسینی ئەم هۆنراوانە چییە، کەچی لەگەڵ بەئاگابوون و شارەزابوونی لەبوارەکەی خۆی کە مامۆستای باخچەی منداڵانە وەک بۆخۆی دەڵێت، لەکاتی نووسینیاندا یان لەبیرکردنەوە بۆ نووسینیان دەبووایە لەبیری نەکردبووایە، کەچی لەبیری کردووە و چۆنی هۆنراوەکەی بەدەستەوە هاتبێت نووسیویەتی. دەتوانین لێرەدا چەند نموونەیەک بهێنینەوە:
لە هۆنراوەی “ئەتەکێت”دا، ئامۆژگاری و فەرمان پێکردنی ڕاستەوخۆیە، بەڵام دەڵێن ئەم شێوازە ئاساییە بۆ ئەوەی منداڵانی باخچەی منداڵانی پێ پەروەردە و بار بهێنن، بەڵام بە شێواز و زمانێک منداڵ بەلایەوە ئاسایی بێت و ئەگەر ئەم هۆنراوەیە هەر لەزمانی منداڵ خۆیەوە نووسرابووایە، دوورنییە بۆ منداڵ باشتر بووایە. شاعیر لە هۆنراوەکەدا دەڵێت:
بەهێمنی ، لەسەرخۆ
پێش نانخواردن دەست بشۆ
ئەگەر خواردن گەرم بوو
پەلاماری مەدە زوو
یان
وازبێنە لە گفتوگۆ
بەبێدەنگی نان بخۆ
چەند دێڕێک لە هۆنراوەی (گۆڕانکاریی وەرزەکان) دووبارە بووەی هۆنراوەی (ژووری ساڵ)ە یان ئاڵوگۆڕ لەچەند وشەیەکدا کراوە و واباش بوو لەژووی ساڵ ئاماژەی بەوە کردبووایە کە ناوی یەکێکە لە ژوورەکانی باخچەی منداڵان و جێگای پرسیارە کە مامۆستای هەموو ژوورەکانی باخچەیە و تەنیا بۆ ژووری ساڵ هۆنراوەی نووسیوە و ئاوڕی لەژوورەکانی دیکە نەداوەتەوە؟!
پا(ی)یز وەرزی خەزانە
وەرزی گەڵاڕێزانە
یان:
پڕ لەگوڵ و گوڵزارە
لەدێڕی یەکەمی شیعری (میوزیک)دا دەڵێت:
گۆرانی و سەما دەکەین
هاوڕێی نوێ دروست دەکەین
هەموومان دەزانین هاوڕێ دروست ناکرێ و دەگوترێت: (هاوڕێی نوێ دەگرم). هەروەها دێڕی (خۆشەویستی هەموومانی) لە چوار تا پێنج هۆنراوەدا دووبارە بووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە لە چەندین کەناڵەوە دەبینین “ئەوەی بەشێر دەکرێت با بەدەواری شڕی ناکات” لە لایەن کەمتیارەوە، کەچی هێشتا لای ئەو شێر پاشای دارستانە.
نموونەیەک لە هۆنراوەکانی:
کوردستان
کوردستانم ڕەنگینە
شاخ و کێوی بەفرینە
تەماشاکەن خۆدیارە
کێڵگە و باخی گوڵزارە
چەم و کانی و ڕووباری
هەواو ئاوی سازگاری
هەمیشە ئاوەدانە
بەبێ ئەندازە جوانە
لەگوندین یا لە شارین
زۆر ئاسودەو بەختیارین
ئای چەند خۆشە ژیانمان
بەهۆی جوانیی کوردستان!
دواجار دەتوانین بڵێین ئەم هەوڵەی شاعیر، هەوڵێکی باشە و توانیویەتی پرۆگرامی باخچەی منداڵان بەهۆنراوە و زمانێکی سادە و ساکار و پەیامەکەی لەجیاتی قسەوباسی دوورودرێژ، بەهۆنراوەی کورت و پووخت و ڕەوان بنووسێت و منداڵیش لەوەڕەزی و بێ تاقەتی گوێگرتن بپارێزێت و لەجێدا، بەلایەوە خۆش بێت و چێژی پێ ببەخشێت.
سەرچاوە: پاساری، چرۆ ڕەشید، پێداچوونەوەی زمانەوانی: ئەمین محەمەد و دیزاین ئومێد محەمەد و لە سلێمانی لەچاپخانەی کارۆ چاپکراوە و چاپی یەکەم ۲۰۲۴ و ژمارەی سپاردنی (۱۹۲۳)ی بۆ ساڵی ۲۰۲۴ی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کتێبخانە گشتییەکانی پێدراوە.