
گۆڕان نیوز- لە نووسینێکی ترمداو دەربارەی (منداڵ و چیرۆکە شیعر، خرتێ بەنموونە – لە حەوتەنامەی گوڕان ژمارە ۱۶۰دا. بەفرانباری۱۴۰۲)، تیشکم خستووەتە سەر چیرۆکە شیعر و لەوێدا باسی چیرۆکە شیعر و شێوازی نووسینی چیرۆکە شیعرییەکانی شاعیر فەرید ڕاژینم کردووە کە نامەوێت لێرەدا جارێکی دیکە باسی چیرۆکە شیعر و شێوازی نووسینی هۆنراوەکانی بکەم و زیاتر لەم نووسینەمدا مەبەستم ناوەرۆکی چیرۆکی (زەماوەندی سۆنەیە)، نەک شێوازی نووسینی هۆنراوەکان

لە نووسینێکی ترمداو دەربارەی (منداڵ و چیرۆکە شیعر، خرتێ بەنموونە – لە حەوتەنامەی گوڕان ژمارە ۱۶۰دا. بەفرانباری۱۴۰۲)، تیشکم خستووەتە سەر چیرۆکە شیعر و لەوێدا باسی چیرۆکە شیعر و شێوازی نووسینی چیرۆکە شیعرییەکانی شاعیر فەرید ڕاژینم کردووە کە نامەوێت لێرەدا جارێکی دیکە باسی چیرۆکە شیعر و شێوازی نووسینی هۆنراوەکانی بکەم و زیاتر لەم نووسینەمدا مەبەستم ناوەرۆکی چیرۆکی (زەماوەندی سۆنەیە)، نەک شێوازی نووسینی هۆنراوەکان و ئەوەش دەرفەتم پێدەدات ڕۆنەچمە ناو چیرۆکە شیعری (زەماوەندی سۆنە) و نموونە لە شیعرەکانی نەهێنمەوە و زیاتر باسی ناوەرۆکی چیرۆکەکە بکەم، چونکە وەک لەو وتارەشمدا باسمکردووە هەندێک سەرنج و تێبینیم دەربارەی شیعرەکانی هەیە کە زیاتر ناوچەیین و هەندێک وشەی تێدایە هەموو منداڵێک بەئاسانی تێیان ناگات.
هەمیشە و بەردەوام لە چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتە فۆلکلۆرییەکاندا ئەوەمان بەگوێدا دراوە کە ئاژەڵ و باڵندەکانیش وەک مرۆڤ خاوەن خو و خەسڵەتی تایبەتی خۆیانن و هەندێکییان زیانبەخش و ترسناکن و هەندێکیشییان بێ زیان و سوودبەخشن. واتا هەندێکییان لا خۆشەویست کردووین و وەهاشییان کردووە کە نەک ڕقمان لە هەندێکییان ببێتەوە یان خۆشمان نەوێن، بەڵکو زەندەقمان لێیان بچێت و بەردەوام خۆمانیان لێ بپارێزین و دوورەپەرێز بین لێیان، چونکە هەندێکییان فێڵ و تەڵەکەبازن و فریومان دەدەن و هەشییانە زۆر دڕندەیە و دوورنییە پەلامارمان بدات و … .گەشەکردن و بەردەوامی ئەم خو و خەسڵەتانە وای لە مرۆڤ کردووە چەندان پەند و ئیدۆم و قسەی نەستەقییان لەسەر دروست بکەن و تەنانەت هەندێکجار لە کاری ڕۆژانە سوودییان لێوەربگرن و زۆر جار لە قسە و باس و داوەرییەکانیاندا بەکاریان بێنن، کە ئەمەش نەوە بۆ نەوە دەما و دەم گوازراوەتەوە تا بە ئێمە گەیشتووە و پاشان مرۆڤ هەوڵیداوە بیان نووسێتەوە و تاوەکو ئێستاش دەیان نووسێتەوە بۆ ئەوەی نەفەوتێن.
(زەماوەندی سۆنە)، کتێبێکی دیکەی چیرۆکە شیعری شاعیر فەرید سەفاری (ڕاژین)ەو لە دووتوێی بەرگێکی (۱۴) لاپەڕەیی ڕەنگاوڕەنگدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. بێگومان هەموومان دەزانین سۆنە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا بەنێرە مراوی دەگوترێت و مراویش بە هۆی چەوری پەڕەکانی یان وەها درووستبوونییەوە لە ئاودا تەڕ نابێت و دەتوانێت زۆر بە باشی مەلە بکات و هەر ئەمەشە وایکردووە کورد گوتەنی: (سۆنەیە و تەڕ نابێت). ئەوەی پێشتر بەرهەمە چیرۆکە شیعرییەکانی دیکەی شاعیر فەرید سەفاری (ڕاژین)ی خوێندبێتەوە و ئاگاداربێت لەو بەرهەمانەی، بێگومان هەست دەکات ئەم چیرۆکە شیعرییەی ڕاژین کە لێرەدا زیاتر مەبەستم چیرۆکەکەیە، لە ناوەرۆکدا لە بەرهەمەکانی پێشتری جیاوازە و لەم بەرهەمەدا پێماندەڵێت مرۆڤ هەر هەوڵ و تەقەللایک بدات دواجار دەگاتە ئامانج و سەرکەوتن و ئەگەر سەرکەوتووش نەبوو، دوای پشوویەک تێهەڵبچێتەوە و بێگومان تێهەڵچونەوە و بەردەوام بوون و کۆڵنەدان لە هەوڵەکانی، بەدڵنیاییەوە بە بێ ئاکام نابێت.پووختەی زەماوەندی سۆنەلەم چیرۆکە شیعرییەدا، باوکە سۆنە ژن بۆ سۆنەی کوڕی دێنێت (کە من لاموایە ڕاژینیش هەر بۆیە ناوی سۆنەی هەڵبژاردووە تا لە مێیە مراوی جیای بکاتەوە)، و هەموو باڵندە و ئاژەڵانی دارستان و تەنانەت ماریش بانگهێشتکراوە تەنها ڕێوی نەبێت و باوکە سۆنە بەگەرمی بەخێرهاتنیان دێنێت و دوای نانخواردنی نیوەڕۆ کەو بەسکی تێرەوە سەرچۆپی دەکێشێ و سۆنەی زاواش بووکەخان بەجێدێڵێت و بە لارەلار گۆزە هەڵدەگرێ تا لە کانی ئاو بۆ میوانەکان بێنێت، بەڵام سمۆرە لوتف دەکات و پێیدەڵێت مامە من نانم خواردووە و (وەک کوللە تێرم) و گۆزەکە بدە بەمن دەچم ئاودێنم.
کاتێک سمۆرە گۆزەکە هەڵدەگرێت و بەدەم شیعر و گۆرانی دەچێتە کانی، بەڵام کە دەیەوێت گۆزەکە پڕبکات، ڕێوییەک دەبینێت و گۆزەکە دادەنێت و ڕادەکات و ڕێوییەکەش بەدوای دەکەوێت و لەڕێگادا سمۆرە هەستدەکات چاڵێکی لەبەردەمە باز دەدات، بەڵام ڕێوی نایبینێت و دەکەوێتە ناو چاڵەکەوە، (بەڵام نازانم بۆچی چاڵەکە دواتر دەبێتە تەنوور؟!) و پاشان سمۆرە دەگەڕێتەوەسەری و پێیدەڵێت با دووژمنایەتی بەس بێت و ئاشتیمان پێخۆشە و هەموومان بەیەکەوە باش بین. ڕێوی دەڵێ بمبوورە و ڕزگارم بکە و دەزانم هەموو قسەکانت ڕاستە، بەڵام من هەمیشە تەنیام و کەس بۆ هیچ شوێنێک بانگم ناکات. سمۆرە یەک و دووی لێ ناکات و خێرا پەتێک (تەنافێک) دێنێت و لەچاڵەکە دەیهێنێتە دەرەوە و لەگەڵ خۆی دەیبات و قسەی ماڵی سۆنەی بۆ دەکات کە، بەزم و هەڵپەڕکێ و پیکەنین و کێبەرکێیە و ئنجا ڕێوی دەخەنە سەما و لەگەڵ ئەوەی قاچەکانی ئازارییان هەیە، بەڵام سەرچۆپییەکی جوان دەکێشێت و زاواش شاباشی دەکات و لەگەڵ منداڵ و پیر دەبێتە هاوڕێ و بۆ هەر جێگایەکیش بچن، دەڵێن دەبێت ڕێویش بێت.
وێنە لەم چیرۆکە شیعرییەداپێشتر گوتم کە لە هەر لاپەڕەیەکی ئەم چیرۆکە شیعرییەدا بەپێی دەقەکە هەر لاپەڕەیەکیش وێنەیەکی جوانی بۆ کێشراوە، بەڵام ئەگەر لە بەرگی کتێبەکەوە سەیری سۆنە و بووکە مراوی بکەی، هەست ناکەی لە ڕەنگ و شێوەدا هیچ جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نیوان بووکە مراوی و مراوی زاوادا هەبێت، کە بەڕەنگکردنی سەری سۆنە بەڕەنگی تایبەتی خۆی (سەوز، کەسک)، زۆر بەئاسانی لە بووکە مراویی جیا دەکرایەوە، چونکە تیۆرسێنان گوتوویانە: (کتێبی وێنەدار، کتێبێکە کە دەق و وێنە بەتەنیشت یەکەوە مانایەکی نوێ بدەن. لە هەر کتێبیکدا، دەق بەتەنها چیرۆکێک دەگێڕێتەوە، وێنەش دەتوانێت گێڕانەوەیەکی دیکە بێت، بەڵام کاتێک ئەم دووانە هاوشان دەبن، مانای سێیەم دروست دەکەن کە خوێندنەوەی کتێبی وێنەدار چێژبەخش دەکات، مانایەک کە خوێنەریش لەدروستکردنیدا بەشدارە).
ئەنجام ڕاژین لەم چیرۆکە شیعرییەدا جیا لە چیرۆکە شیعرییەکانی پێشووی پێماندەڵێت، ئەگەرچی تاوەکو ئێستا لە چیرۆک و ئەفسانە و بەسەرهاتەکاندا وەهایان بەگوێدا داوین کە هەندێک گیاندار فێڵاوی و دڕندەن، بەڵام ئەگەر وەک سمۆرە ببینە هاوڕێیان و خۆمانیان لێ نزیک بکەینەوە دەتوانین بەڕەفتارە باشەکانمان، خۆمانیان بۆ بکەین بە مۆدێل و ئەوانیش لێمانەوە فێر دەبن و واز لەخوی پێشوویان دەهێنن.
کەوایە بەو ئەنجامە دەگەین کە سمۆرە ئاساکان بە هەوڵوتەقەلایان دەتوانن ببنە مۆدێل بۆ ئەوانەی پێمانوایە خوی خراپیان هەیە و کۆمەڵگایان تێکداوە و بە نزیکبوونەوە و هاوڕێیەتیکردنیان دەتوانین دەرگای دنیایەکی جوان و کراوەی جیاوازیی سەردەمیانەیان بەڕوودا بکەینەوە.سەرچاوە:کتێبی: زەماوەندی سۆنە، فەرید سەفاری (ڕاژین)، وێنە، ژاڵە یوسفی نژاد، چاپەمەنی زانست، چاپی یەکەم، ساڵی ۲۰۲۳.


