گۆڕان نیوز- گەرمیان بە واتاى ناوچەى گەرم دێت و ناوچەیەکى بەرفراوانى هەرێمى کوردستانە. سنورەکەى لەپێشتردا لەم سنورەى ئێستاى زیاتر و فراوانتر بووە. پێدەچێت لەڕووى کارگێڕى و سیاسییەوە لەسەردەمێکى مێژووییدا پێناسە بووبێت بۆ هەرێمێک و بەهۆى دەوڵەمەندى و گرنگییەوە هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاکەى دراوە.

سامان کەریم/مامۆستاى زانکۆى پۆلیتەکنیکى گەرمیان

گەرمیان بە واتاى ناوچەى گەرم دێت و ناوچەیەکى بەرفراوانى هەرێمى کوردستانە. سنورەکەى لەپێشتردا لەم سنورەى ئێستاى زیاتر و فراوانتر بووە. پێدەچێت لەڕووى کارگێڕى و سیاسییەوە لەسەردەمێکى مێژووییدا پێناسە بووبێت بۆ هەرێمێک و بەهۆى دەوڵەمەندى و گرنگییەوە هەوڵى گۆڕینى دیمۆگرافیاکەى دراوە.

ڕووبەرى ناوچەى گەرمیان بەردەوام لەگۆڕانکاریدا بووە. لەئێستادا ڕووبەرى ناوچەکە نزیکەى (٣١١٧٢,٧٢) کیلۆمەترى چوارگۆشەیە. (٣٧%)ى کۆى ڕووبەرى هەرێمى کوردستان و (٧%)ى کۆى ڕووبەرى عێراق پێکدەهێنێت.

سەبارەت بە زاراوەى گەرمیانیش مێژووى بەکارهێنانى ئەم وشەیە بۆ ناوچەکە ڕوون نییە و زۆرجار گۆڕانکاریشى بەسەردا هاتووە.

لەسەدەى (٢ پ.ز-٣ز) ناوى ئەم هەرێمە بەشێوەى (گەرمەکان) هاتووە. لەکاتى دەسەڵاتى ساسانییەکانیشدا هەندێک جار بە (گەرمیک) ناسراوە. بەڵام، لەسەدەى یەکەمى زایینییەوە کریستیانى تیادا بڵاوبوتەوە و لەڕاپۆرتەکانیاندا ناوچە گەرمەکانیان بەشێوەى (بێت گەرمێ) تۆمار کردووە.

بەپێى بۆچوونى مێژوونووسى ئەرمەنى (موڤسیس خورینى) کە لەسەدەى پێنجەم و سەرەتاى سەدەى شەشەمدا ژیاوە، دەڵێت: ساسانییەکان بەو ناوچەیەى کە کەرکوک دەکەوێتە نێوانیەوە وتویانە (گەرمەکان) کە سنورەکەى لە باشوورى ڕۆژئاواوە درێژدەبێتەوە تا زێى بچوک و لەباکورى رۆژئاواشەوە تا چیاى حەمرین و لەباکورى رۆژهەڵاتیشەوە تا ڕووبارى دیالە و لەباشوورى رۆژهەڵاتیشەوە تا چیاى زاگرۆس درێژ دەبێتەوە.

(تۆفیق وەهبی)ى مێژوونووس و نووسەرى دیارى کوردیش ئاماژە بەوە دەکات کە گەرمیان لەسەردەمى کریستیانەکاندا هەرێمێکى تایبەت بووە بەناوى (باگرمێ). سنورەکەى لە باکورەوە زنجیرە چیاکانى هەورامانە، باشوورى چیاى حەمرینە، رۆژهەڵاتى ڕووبارى سیروانە و زێى بچوک سنورى رۆژئاوایەتى. ناوەندەکەیشى شارى (کەرکوک) بووە.

عەرەبەکانیش وشەى (باجرمى) یان (حرمقان)یان بۆ ناوچەکە بەکارهێناوە کە مەبەستیان هەمان وشەى (باگرمێ) بووە.

ئەم ناوچەیە نیشتمانى هەندێک لەگەلانى زاگرۆس بووە و هەندێک لە قەوارە سیاسییەکانى وەک سیموروم و نامرى و نیقوم و خارشى لەچەند سەردەمێکى مێژووییدا فەرمانڕەواى بوون. لەسەردەمى دەسەڵاتى میتانییەکانیشدا، گەرمیان بەشێک بووە لە ناوچەى ئیمپراتۆریەتەکە. ئارابخا وەک پایتەختێکى هەرێمى و نوزى وەک ناوەندێکى ئەم پێگەیە بووە. هەروەها، کاشییەکانیش لەم ناوچەیەدا مێژوویەکیان تۆمار کردوە. کە، بەدرێژایى ڕووبارى سیروان نیشتەجێ بوون و شوێنەواریشیان دۆزراوەتەوە.

لەبەر ئەوەى گەرمیان وەک ناوچەیەکى نێوەندى ناوچەکانى باکور و ناوەراست و باشوورى عێراقى ئەمڕۆ بووە، رۆڵێکى گرنگى لەمێژووى ئەو قەوارانە و ململانێکانیاندا هەبووە. سۆمەرى، بابلى، گۆتى، کاشى و میتانى و ئاشوورییەکانیش لەم ناوچەیەدا بوون و ململانێیان هەبوە. ئەو کێشمەکێش و ململانێ بەردەوامانەى ئەو قەوارانە پریشکى لەناوچەى گەرمیانیشدا هەبووە. لەبەر ئەوە، کاریگەرییەکەى لەسەر ناوچەکە هەبوە لەڕووى جوگرافیا و گۆڕانکارییە جوگرافى و کۆمەڵایەتییەکانەوە.

گەرمیان لەئێستادا خاوەنى سنورێکى بەرتەسکترە لە جاران. لەڕووى ئیداریشەوە فراوان نییە و گۆڕانکارى دیمۆگرافى سەردەمە پێشترەکان کاریگەرى لەسەر بەجێهێشتووە. لەخوارەوە چەند زانیارییەکى (کەم) لەسەر دوو ناوچەى گەرمیان لەئێستادا دەخەینەڕوو:

کەلار:

مێژووى ژیان لەم ناوچەیەدا نزیک نییە. بەڵام، لەڕابردوودا سنورەکەى لەچوارچێوەى ناوچەیەکى تایبەتدا نەبووە و بەهەمان ناویشەوە نەبووە. کەلتور و مێژوو و جوگرافیاکەى گرێدراوى ناوچەکانى ترى دەوروبەرى بووە.

لەسەر ناوى کەلار بیروڕاى جیاواز هەیە:

١-بنەچەى کەلار لە (کەلا-ڕێ)وە هاتووە کە ماناى ئاواییەکى دوور و دابڕاوە لەڕێگاى سەرەکییەوە.

٢-کەلار لە (کەڵ-یار)ەوە هاتووە واتا نیشتمانى ئاسک.

٣-بنەچەى ناوەکە دەگەڕێتەوە بۆ (کەڵات) بەواتاى قولە و قەڵا دێت.

۴-لەزمانى عەرەبیدا واتاى وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ (الخربه)کە بەماناى (کەلاوە) دێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەى ئەم ناوچەیە بەرەوڕووى وێرانکارى بوەتەوە لەسەردەمى جیاوازدا.

۵-ڕایەکى تر ئەوەیە کە ئەوانەى کاتى خۆى کەلاریان ئاوەدانکردوەتەوە، بەشێکن لە هۆزى (گێژ)، لەرۆژهەڵاتى کوردستانەوە و لەنزیک کرماشانەوە هاتونەتە ناوچەکە. لەزێدى خۆیاندا نیشتەجێى دێیەک بوون بەناوى (کەلار دەشت) بۆیە ئەم ناوەیان بەسەر (کەلار)ى ئێستادا بڕیوە. ئەمەش ئەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستى سەدەى ١٩ى زایینى.

لەڕوانگەى بەڵگە شوێنەوارییەکانەوە مێژووى ژیان لە ناوچەى کەلار و دەوروبەریدا بۆ سەردەمى ئاشوورى و پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. پاشماوە ئاودێرییەکان یەکێکن لەو بەڵگە شوێنەوارییانەى مێژووى ژیانکردن لەم ناوچەیەدا بۆ سەردەمێکى دوورى مێژوویى دەگەڕێننەوە. بۆ نمونە (جۆگەى گاور) کە پرۆژەیەکى ئاودێرى سەرداپۆشراوە ئاوى لەڕووبارى سیروانەوە هەڵگرتووە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانى شێروانە و دەرەوەى کەلار. تەمەنى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەى حەوتەمى زایینى و سەردەمى ساسانییەکان. تا ئێستاش نزیکەى ۶٠ مەترى ئەو جۆگە ئاوییە وەک خۆى ماوەتەوە.

بەڵگەیەکى ترى مێژوویى بریتییە لە مۆرێک کە لەم ساڵانەى دواییدا لە گەڕەکى (کەلارى کۆن)دا دۆزرایەوە و ئێستا لە مۆزەخانەى سلێمانى پارێزراوە، سەردەمەکەى دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى (٣٠٠٠ساڵ) لەمەوبەر و سەردەمى ساسانییەکان.

لەئێستادا گرنگترین و دیارترین شوێنەوارى ئەم ناوچەیە کە ماوەتەوە و وەک هێماى ناوچەکە تەماشا دەکرێت بریتییە لە (قەڵاى شێروانە).

بە وتەیەى بەشێک لە مێژوونوسان و شوێنەوارناسان، قەڵاى شێروانە لە ساڵی ١٨۶۶ – ١٨٧۴ز، لەلایەن حەمە پاشاى جاف لەسەر گردى شوێنەواری شێروانە لە کەلار دروستکراوە، ئەم گردە دروستبوونى دەگەڕێتەوە بۆسەردەمى کاشییەکان و ساسانییەکان، دروستکردنەکەشى هەشت ساڵى خایاندووە.

کفرى:

مێژووى بنیادنانى کفرى وەک شارێک بۆ نیشتەجێبوون؛ دوورە. ئەگەرچى تا ئێستا بەتەواوى ساغ نەبوەتەوە کە کەى بنیادنراوە. چونکە، کنەو پشکنینى شوێنەواریى بۆ ئەم شارە نەکراوە و ئەمەش دەرخستنى ڕاستى مێژوویى سەردەمى بنیادنان و ئاوەدان بوونى شارەکە سەخت دەکات.

مێژوونووسان و گەڕیدە و گەشتیارە بیانییەکان کە بەشارەکەدا تێپەڕیون، مێژووى بنیادنانى بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێننەوە. بەڵام، لەم جێگایەى ئێستایدا نا. بەڵکو، کفرى بەپێى سەردەمە مێژووییەکان سێ جار شوێنگۆڕکێى کردووە.

جێکەوتەى یەکەمى کفرى بریتییە لە (کفرى کۆن). بریتییە لە گردێکى گەورە و دەکەوێتە باشوورى ڕۆژئاواى کفرى ئێستا بە دوورى (٨کیلۆمەتر). (١٠-١٢) مەتر لەسەر ڕووى زەوییەکەوە بەرزە. درێژى گردەکە لە باکورەوە بۆ باشوور ٢٩٠ مەتر، پانییەکەیشى لە ڕۆژهەڵاتییەوە بۆ ڕۆژئاوا کەمترە لەو ئەندازەیە.

لەبارەى مێژووى نیشتەجێبوون لەم شوێنکەوتەى شارەکەدا، زانیارى مێژوویى هەیە. مستەفا نەریمان لە بیرەوەرییەکانیدا دەیگەڕێنێتەوە بۆ هەزارەى چوارەم و سێیەمى پێش زایین. لەسەردەمى (ئوور)دا کفرى لەناو ئەو ئیمپراتۆریەتەدا دەسەڵاتێکى خودموختارى هەبووە. بەڵام، (شولکى)ى پاشاى ئور ئەو قەوارە خودموختارییەى تێکداوە. لەسەردەمى ئاشوورى و بابلییەکانیشدا، کفرى بەناوى (کیرۆ)وە ناوبراوە. بەو پێیە لەو سەردەمەشدا کفرى لەم جێکەوتەیەیدا هەبووە. لەهەزارەى یەکەمى پێش زایین و لەسەردەمى سۆمەرییەکاندا کفرى بەناوى (کیماش) ناسراوە.

جێکەوتەى دووەمى کفرى بریتییە لە (قەرەئۆغڵان). نزیکەى (یەک) کیلۆمەتر لە شوێنى ئێستاى شارى کفرییەوە دوورە و ئەکەوێتە دیوى باکورى ڕۆژهەڵاتییەوە. تا ئێستاش شوینەوارەکەى ماوەتەوە. کە، درێژییەکەى زیاتر لە یەک کیلۆمەتر و پانییەکەیشى چەند سەد مەترێک دەبێت.

سەرچاوە مێژووییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پاش لەناوچوونى شارەکە لە شوێنکەوتەى یەکەمیدا (کفرى کۆن)، ئەم شوێنە ئاوەدان کراوەتەوە. بەگوێرەى ئەو پارچە شوێنەوارییانەى لێى دۆزراونەتەوە؛ مێژووى بونیادنان و ئاوەدانکردنەوەى ئەم شارە بۆ سەردەمى (ئەشکانى-فرثى)یەکان دەگەڕێتەوە (٢۴٧پ.ز-٢٢۴ ز).

لەم شوێنەدا سکەى سەردەمى ئەشکانى (ئەرساسى) و ساسانى و کۆفى و مۆرێکى سەردەمى ڕۆمانى و یەکێکى ترى ساسانى دۆزراوەتەوە.

ژیانى دانیشتوانى کفرى لەم شوێنەیدا بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام بووە و هەتا سەردەمى (ئیسلام)ى خایاندووە. بەپێى وتەى چەند شایەدحاڵێک کە لەم دواییانەدا (١٩٩۵ز) چەند کەسانێک چوونەتە شوێنەوارى ئەو شارە و هەندێک پارچەى شوێنەوارى دۆزراوەتەوە و فرۆشراوە؛ لەو پارچانە دراوى سەردەمى (ئومەوییەکان) بووە کە لەدیوێکى نووسراوە (عبدالملک بن مروان). ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو کە مێژووى ژیان لەو شارەدا هەتا سەردەمى ئومەوییەکان بەردەوام بووە. ئێستاش شوێنەوارى ئەو شارە مێژووییە لەکفریدا ماوەتەوە. بەڵام، تا ئێستا کنەو پشکنینى تیادا نەکراوە و ئەمەش مێژووەکەى بە نەزانراوى هێشتوەتەوە. بەهۆى ئەو دەستدرێژییانەشەوە کە لە سەردەمە جیاوازەکان کراوەتە سەرى، پارچەى شوێنەوارى زۆرى تیادا بووە و نەپارێزراوە.

ئەم شوێنەى شارى کفرى بە هۆکارى سروشتى یان بەهۆى ڕوودانى جەنگەوە بوەتە وێرانە و لەناوچووە. دانیشتوانى شارەکە هاتونەتە بەشى ڕۆژئاواى ئاوەکە کە پێشتر لە بەشى ڕۆژهەڵاتى بوون.

شوێنکەوتەى سێیەمى کفرى (کە دەکاتە شوێنى نیشتەجێ بوونى دانیشتوانەکەى لە ئێستادا)، دیار نییە لە کەیەوە ئاوەدان کراوەتەوە. دەوترێت بۆ سەردەمى عەباسییەکان دەگەڕێتەوە. چونکە (نیپور)ى گەڕیدە لە گەشتنامەکەیدا ناوى ئەم شارەى بە (کرفە) هێناوە و پێى وایە لەلایەن یەکێک لە خەلیفەکانى شارى (سامەڕا)وە ئاوەدان کراوەتەوە. کە، لێرەدا سەردەمەکەى بۆ کاتى (خیلافەتى عەباسییەکان ٧۵٠ز-١۵١٧ز) دەگەڕێتەوە.

کفرى لە شوێنى ئێستایدا دەکەوێتە ١٢۵ کیلۆمەترى باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى کەرکوک. سنوورى کارگێڕى قەزاکە لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕووبارى سیروان و لە خۆرئاواوە ناحیەى قادرکەرەم و قەزاى دووزخورماتوو و لەباکورەوە ناحیەى سەنگاو و دەربەندیخان و لەباشووریشەوە بەرزاییەکانى حەمرین و بەشێک لە ڕووبارى سیروانە.

ناوى کفرى:

١-لەسەردەمى سۆمەرییەکاندا (٣٣٠٠ پ.ز) بەناوى (کیماش) هاتووە.

٢-لەسەردەمى ئیلامییەکاندا (٣٠٠٠ پ.ز) ناوى (کپرات) بووە.

٣-لەسەردەمى ئاشوورییەکاندا (٢۵٠٠ پ.ز) ناوى (کپرۆ) بووە.

۴-لەسەردەمى ڕۆمانییەکاندا (٣۶٣ز) ناوى (ڤرجیا) بووە.

۶-لەسەردەمى ئیسلامدا و لەناو نووسراوەکاندا ناوى شارەکە نەهاتووە، تا ئەو کاتەى شەرەفخانى بەدلیسى لە (شەرەفنامە)دا ناوى (کفرى) هێناوە.

٧-لەسەردەمى عوسمانییەکاندا (١٣٠٠ز) ناوى (زەنگاباد) بووە و دواتر گۆڕاوە بۆ (سەڵاحیە).

سەرچاوەکان:

١-سوزان کەریم مستەفا (٢٠٢٢)، ناوچەى گەرمیان لەنیگاى بەشێک لەگەڕیدە و کوردناسانەوە (کەرکوک، دوزخورماتوو، کفرى و خانەقین) وەک نمونە، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان.

٢-کۆزاد محەمەد ئەحمەد، ڕێبوار سەرتیپ حەمید (٢٠٢٢)، گەرمیان لەماوەى هەزارەى دوەمى پێش زایین، گۆڤارى زانکۆى گەرمیان.

٣- کلودیوس جیمس ریج (٢٠٠٨)، رحله ریج (المقیم البریطانی فی العراق عام ١٨٢٠) الى بغداد-کردستان-ایران، ترجمه، اللواء بهاءالدین نوری، الطبعه الاولى، الدار العربیه للموسوعات، لبنان.

۴- سهیل خورشید عزیز (٢٠١٣)، مێژووى ناوچەى کفرى لە کۆنەوە تا ساڵى ١٩۵٨، چاپى یەکەم.

۵- مصطفى نەریمان (١٩٩۴)، بیرەوەرییەکانى ژیانم، دار الحریه للطباعه-بغداد.

۶- حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ (٢٠١۴)، ناوچەى کفرى لەنێوان ساڵانى (١٩١۴-١٩۴۵)، چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین-هەولێر.

٧- محمد شاکەلى (٢٠١٢)، قەزاى کفرى..شارەدێى کەلار لەپەنجاکاندا و پاسەکەى حاجى ١٩۶١-١٩٧۵، چاپخانەى کارۆ-کەرکوک.

٨-رزگار حاجى حەمید (٢٠١٩)، کەلار مێژوویەکى دێرین و جوگرافیاى شارێکى زیندوو ١٩٧٠-٢٠١٢، چاپى دووەم، چاپخانەى چوارچرا-سلێمانى.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *