گۆڕان نیوز- بە فەرموودەی شاعیری پایەبەرزی کورد عەبدوڵا پەشێو کە لە شێعری سەربازی ون دا دەفەرموێ:. …لە هەر شوێنی، سەر دانەوێنە و تاجە گوڵینەکەت دانێ،

بە داخەوە ڕۆژانی بۆنە و یادە تاڵ و دڵ تەزێنەکانمان ئەوەندە زۆرن، ئەگەر چاویان لێ نە بەستین و خۆمانی لێ گێل نەکەین، هەموو ڕۆژێکمان یادی ئازیزێک یان ئازیزانێکی کۆچ کردوومانە.

هاوڕێ، لاوێکی هێمن و لە سەر خۆ، ئارام و ژیر بو. بۆ جارێکیش توڕە بوون و هەڵچوونت پێوە نەدەبینی.کەم قسەی دەکرد. زۆر گوێی دەگرت . کاتێ قسەی دەکرد، دەبوو بە باشی گوێ بگری تا قسەکانی ببیستی. لە هەمان کاتدا دەبوو بە وردی سەرنجی قسەکانی بدەی تا لە ناوەرۆک و مەبەستی تێبگەی. لاوێکی ورد بین بوو. بێ ئەوەی بیر بکاتەوە قسەی نەدەکرد. بە زۆری سەرقاڵی خوێندنەوە و نوسین بوو. قەڵەم بە دەستێکی بە توانا، کە بە سێ زمانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی و لە ئاستێکی سەرەوە وتاری دەنوسی. کاتێ کۆچی کرد تەمەنی ٣٣ ساڵ بوو. لە دایک بووی ساڵی ١٣۶٢ی هەتاوی و لە شارەدێی بۆیەن سەر بە شاری بانە بوو.. سەرەتای ژیانی هاوکات لە گەڵ ترس و دڵەڕاوکێ و ئاوارەیی شەڕی ئێران و ئیراق بو.

دەورەی سەرتایی خویندنی لە بۆیەن تەواو کرد و بۆ درێژە بە خوێندنی قۆناغەکانی ناوەندی و دواناوەندی چوە شاری بانە. هەر لەو شاڕە دیپڵۆمی وەرگرت. هەموو ئەو ساڵانە بە دژواری ساڵەکانی شەڕ و کەم و کوڕی ئابووری بنەماڵە تێ پەڕی کە هاوڕێ لێی بێ بەش نەبوو.

هاوڕێ دواتر دو ساڵ سەربازی تەواو کرد. بە هیوای درێژەدان بە خوێندن و کارکردن ڕووی کردە هەرێمی کوردستان و لە گەڵ خوشک و براکانی لە شاری سلیمانی دەست بە کار بوو. بە هۆی بەرد خستنە بەر پێی لە لایەن هەندێ کەسەوە نەی توانی لە زانکۆکانی هەرێم درێژە بە خۆێندن بدات. هەر بۆیە ناچار بوو ڕوو لە وڵاتی هیندوستان بکات. لە زانکۆیەک لە شاری پونام بەکەلوریوسی لە بواری سیاسەت تەواو کرد. هەر لەو دەورە دا بوو کە تەهای برای کۆچی دوایی کرد و دژواریەکی زۆر ڕووی کردە هاوڕی تا ئەو ڕادە بەناتەواوی خویندن و هیند بەجێ بهێڵێت. دواتر بڕیاری چوونەوە ی دا. تازە ساڵیادی کۆچی تەها تێنەپەڕ ببوو هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی ئومێدی جوانە مەرگی پێ گەیشت. دوای ئەوە لە شاری بەمبەئێ دورەی ماستەری لە بواری فەلسەفەی سیاسی دەست پێکرد.

هاوڕێ هەموو ئەو ڕۆژە سەختانەی بە لەسەرە خۆیی و سەبرێکی بێ وێنە تێپەڕ دەکرد و زۆر جار بۆ دابین کردنی پێداویستیە کانی ڕۆژانەی ژیانی کاری دە کرد. باوکی دەیوت بە ئاواتەوە بووم جارێک هاوڕێ داوای پارەم لێ بکات. تەنانەت ئەو کاتانەی کە گیرفانی خاڵی بوو هەر دەی وت پارەم پێیە. تا ئەو ڕادە کە دەنوست سەیری گیرفانەکانیان دەکرد بزانن پارەیی پێیە یان نە. کاتێ دەیان دیت گیرفانی خاڵیە خۆیان پارەیان بۆ دادەنا.

ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩۵ هەواڵێکی دڵ تەزێنی ترمان پێ گەیشت. کۆچی ناوادەی هاوڕێ هاتە سەر هەموو ئەو هەواڵە ناخۆشانەی پێشوو. شۆڕە سوارێک بە شۆڕە سوارانی کۆچ کردوو پەیوست بوو. چاوی بەست و تەرمی پیرۆزی لای تەها و ئومێد بە خاکی گۆڕستانی گوڵە زەرد و سورەکانی سڵێمان بەگ سپێردرا.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *