گۆڕان نیوز- گابرێل گارسیا مارکیز، رۆمانی «سه‌د ساڵ ته‌نیایی» له ساڵی ۱۹۶۷ له ئه‌رجه‌نتین بڵاوکردووه‌ته‌وه، رۆمانێک که به‌شێوازی ریالیزمی جادوویی نووسراوه‌و باسکردنیشی هه‌میشه پڕبووه له کێشمه‌کێش و تێیدا ژیانێکی نائاسایی شان به شانی بابه‌ته ئاساییه‌کانی رۆژانه رێده‌که‌ن.
مارکیز
له فارسییه‌وه: هیوا غفور شێخ پاڵه‌وانی
۲-۱
(ئۆرسولا و خۆزێ ئارکادۆ بوێندیا) به‌ناو چیا و گرد و دۆڵ و دارستانه‌کاندا تێده‌په‌ڕن. ئه‌وان زۆر دوور ده‌ڕۆن و له ناوچه‌یه‌ک، گوندێک به ناوی (ماکاندۆ) بۆ خۆیان دروست ده‌که‌ن، ناوچه‌یه‌ک که بڕیاره ره‌گ و ریشه‌ی خۆیانی تێدا دابکوتن و به جیهاندا بڵاوی بکه‌نه‌وه.
ئه‌مه یه‌کێکه له دێڕه‌کانی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)ی گابرێل گارسیا مارکیز، له‌سه‌ر ئه‌م رۆمانه، جیهانی (ریالیزمی جادوویی) خۆی بنیاتناوه. ئه‌و توانی شتێکی نوێ دروست بکات و جیهانێکی نوێ بخوڵقێنێت که تێیدا سیحر و واقیع به‌ریه‌ک بکه‌ون. لێره‌دا هه‌ستی شه‌شه‌م به‌هێزه و پێشبینی شتێکی باو و ئاساییه، مرۆڤه‌کان به کۆمه‌ڵ تووشی له‌بیرچوونه‌وه ده‌بن. منداڵ به کلکی به‌رازه‌وه له‌دایک ده‌بێت. باران زیاتر له ۱۰ ساڵ ده‌بارێت و خۆشناکاته‌وه و مرۆڤ سه‌دان ساڵ ده‌ژی و… به‌ڵام دیسان چیرۆکی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ش، مه‌حکومه به له‌ناوچوون و وه‌ک ره‌گه‌زی مرۆڤه‌کانی دیکه چاره‌نووسیان ته‌نیایی و شکسته. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌هێڵێته‌وه سیحر و جادووه و ئه‌وه‌ی ده‌شیان کوژێت هه‌ر سیحر و جادووه.
بڵاوکردنه‌وه‌ی سه‌دساڵ ته‌نیایی
گابرێل گارسیا مارکیز، ئه‌م رۆمانه‌ی له ساڵی ۱۹۶۷ له ئه‌رجه‌نتین بڵاوکردووه‌ته‌وه، رۆمانێک که به‌شێوازی ریالیزمی جادوویی نووسراوه‌و باسکردنیشی هه‌میشه پڕبووه له کێشمه‌کێش و تێیدا ژیانێکی نائاسایی شان به شانی بابه‌ته ئاساییه‌کانی رۆژانه رێده‌که‌ن.
مه‌گی ئه‌ن باروز له کتێبی (ریالیزمی جادوویی)دا ده‌نووسێت:”ریالیزمی جادوویی رێگایه‌که بۆ دۆزینه‌وه و تێپه‌ڕاندنی سنووره‌کان، سنووره ئه‌نتۆلۆژی و سیاسی و جوگرافی و بایۆلۆژییه‌کان.”
به‌پێی ئه‌م یاسایه، ژماره‌یه‌کی زۆر رۆمان ده‌بینین نووسه‌ره‌کان هه‌موویان جۆرێک له نهێنی یان سیحر و جادوو یان شتێکی نائاسایی‌یان بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌کانیان به‌کارهێناوه، به جۆرێک له خه‌بات و ململانێی نووسین پێناسه‌کراوه و هارمۆنی و گونجاوییهکیش به ده‌قه‌که ده‌به‌خشن.
ژنان و ریالیزمی جادوویی
ره‌نگه هه‌رله‌به‌ر ئه‌م هۆکاره بێت ئه‌و کتـێبانهی به‌م شێوازه نووسراون، هه‌موویان لایه‌نێکی خۆڕاگری و به‌رخۆدانیان هه‌یه و به جۆرێک له جۆره‌کان دژی ده‌وڵه‌تی دیکتاتۆرین. بۆ نموونه، وه‌ک چۆن به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م خه‌باته (خه‌باتی خۆزێ ئارکادۆ بویندیا هاوشێوه‌ی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی ئه‌مریکای لاتینه) که له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) دا بنیاتنرا. هه‌روه‌ها له‌درێژه‌ی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا، له‌گه‌ڵ کتێبی (ئه‌ویندار)ی (تۆنی مۆریسۆن) ئێمه جۆرێکی تر له‌خه‌بات ده‌بینین، خه‌باتی: دژه ره‌گه‌زپه‌رستی و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆیلایه‌تی.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، چه‌ندین رۆمانم خوێندووه‌ته‌وه که زۆربه‌یان به‌رهه‌می نایاب و ناوازه‌بوون، به‌ڵام له هه‌مانکاتدا، له رووی ژانر و پێکهاته و ناوه‌ڕۆکی چیرۆکه‌وه، به‌شێوه‌یه‌کی به‌گشتی منیان ده‌خسته‌وه یادی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) گابرێل گارسیا مارکیز. له خۆمم ده‌پرسی، ئایا ئه‌م لێکچوون و نزیکایه‌تییه، ستایلێکی-ته‌کنیکییه که هه‌ندێک جار ئه‌م کتێبه (سه‌دساڵ ته‌نیایی) ده‌یسه‌پێنێت و بابه‌تێکی فریوده‌رانه‌یه یان به ته‌واوی زمانێکی نوێ و تازه‌یه که که‌لتور و وڵاتانی دیکه فێری بوون، بۆ ئه‌وه‌ی سنووری جیهانی ببڕن و هه‌ندێ شت بنووسن که به ته‌واوی جیاوازبێت له به‌رهه‌مێکی ناوخۆیی؟
پێنج به‌رهه‌مم له پێنج وڵاتی جیاواز (ئه‌مریکا، مه‌کسیک، چیلی، ئێران، عیراق) هه‌ڵبژاردووه و هه‌وڵم داوه بزانم تایبه‌تمه‌ندییه هاوبه‌شه‌کانی نێوانیان چین؟ بۆ ئاسانکردنی کاره‌که‌ش، هه‌موو نووسه‌ره‌کان ژنن.
۱- ئه‌ویندار / تۆنی مۆریسۆن؛ ۱۹۸۷ ئه‌مریکا (خه‌ڵاتی پۆلیتزه‌ر، خه‌ڵاتی نۆبڵ)
سێت، ژنێکی کۆیله‌یه که زۆر به توندی ئه‌شکه‌نجه دراوه و شوێنی قامچی بهگیانییهوه دیاره. ئه‌و بێبه‌شکراوه له‌وه‌ی شیر به مناڵه ساواکه‌ی خۆی بدات. به سکێکی ئاوساو و خوێناوییه‌وه هه‌ڵدێت و له‌ترسی ئه‌وه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌مان چاره‌نووسی به ئازار و زهلیلکهرانهی خۆی بێته‌وه، مناڵه ساواکه‌ی خۆی ده‌کوژێت. پاشان هه‌ڵدێت و روو ده‌کاته خانوویه‌کی چۆڵ، به‌ڵام له‌وێ تووشی گۆشه‌گیری ده‌بێت، به‌تایبه‌تی که رۆحی مناڵه ساواکه‌ی به‌رده‌وام له‌و خانووه‌دا له‌گه‌ڵیدا ده‌مێنێته‌وه.
کاتێک پۆلدی کۆیله‌یه‌ک که له رابردوودا له‌گه‌ڵ ئه‌و له‌هه‌مان شوێن کاریان کردووه و ده‌چێته ئه‌و خانووه‌ی ئه‌وی لێیه، فۆرمی گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه‌که شێوه‌ی هاتن و چوون له نێوان رابردوو و ئێستا وه‌رده‌گرێت و نهێنییه‌کانیش یه‌ک له دوای یه‌ک ئاشکرا ده‌بن. له‌گه‌ڵ ئاشکرابوونی هه‌ر به‌شێکی چیرۆکه‌که‌ش که له رابردوودا روویداوه، خوێنه‌ر زیاتر ده‌چێته ناو قووڵایی چیرۆکه‌که‌وه.
تۆنی مۆریسۆن له‌م به‌رهه‌مه‌دا بیروباوه‌ڕی خه‌ڵکی ئاسایی ئه‌مریکای باشوور، خۆشه‌ویستی و رق، خه‌بات و ململانێ، گۆشه‌گیری، ته‌نیایی، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و رق و کینه‌ی به‌یه‌که‌وه کۆکردووه‌ته‌وه و به‌ئازارترین و تاڵترین چیرۆک که ده‌شێت رووبدات، ئه‌فراندووه.
خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه به ئێش و ئازاره، له هه‌مانکاتدا جوانترین و ناسکترین چیرۆکه که له دنیای نووسینی ژناندا ده‌توانی بیخوێنیته‌وه. له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م کتێبه، به توندی ده‌گریت، ده‌ترسیت و دڵت ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌کات، که‌سێک توند له باوه‌شت بگرێت و نازی به‌سه‌ردا بکه‌یت.
۲- ماڵی رۆحیانهتهکان/ ئیزابێل ئهلهندی ۱۹۸۲ چیلی (خه‌ڵاتی ئه‌ده‌بیاتی نیشتمانی چیلی)
چیرۆکی رۆمانه‌که، چیرۆکی چوار نه‌وه‌ی خێزانێک ده‌گێڕێته‌وه، له‌گه‌ڵ بوونی پاڵه‌وانی سه‌ره‌کی ژنێک به ناوی (کلارا) که فاڵچییه. له ماوه‌ی ژیانی کاره‌کته‌ره‌کانی ناو رۆمانه‌که‌دا، خۆشه‌ویستی و ویست و ئیراده، شۆڕش و شه‌ڕ و چه‌ندین رووداوی گه‌وره رووده‌ده‌ن که کاریگه‌رییه‌کی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر یه‌کتر هه‌یه و ره‌وتی رۆمانه‌که به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن.
چیرۆکی رۆمانه‌که له رێگه‌ی که‌سی سێیه‌م (ئه‌لبا) بچووکترین کچی خێزانه‌که‌وه له رێگه‌ی نامه‌نووسینه‌کانی له‌گه‌ڵ ستیفانی باپیره‌یدا ده‌گێڕدرێته‌وه. له‌م رۆمانه‌دا کاره‌کته‌ری (باپیره) کاره‌کته‌ری (سه‌رهه‌نگ)ی رۆمانی (سه‌د ساڵ ته‌نیایی)م به‌یاد ده‌هێنێته‌وه. هه‌روه‌ها له زۆر روانگه‌ی تره‌وه، وه‌ک کاره‌کته‌ری دوانه‌کان یان کاره‌کته‌ری ژنه گۆشه‌گیر و ته‌نیاکانی دونیا… هتد، پێده‌چێت ئه‌م رۆمانه کۆپییه‌کی سه‌د ساڵ ته‌نیایی بێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر له گۆشه‌یه‌کی دیکه‌ی وه‌ک که‌شی چیرۆکه‌که و رۆحی چیرۆکه‌که‌وه سه‌یری بکه‌ین، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردووکیان سه‌ر به یه‌ک که‌لتور و شوێنن (ئه‌مریکای باشوور)، ئه‌م رۆمانه زۆر له (سه‌د ساڵ ته‌نیایی) ده‌چێت.
ئیزابێل ئهلهندی له سه‌ره‌تای بیسته‌کانی ته‌مه‌نیدا، به‌سوود وه‌رگرتن له نامه‌کانی باپیری، ئه‌م رۆمانه‌ی نووسیوه، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌شه، ئه‌م رۆمانه لایه‌نێکی ژیاننامه‌یی هه‌یه. هه‌روه‌ها باس له رووداوه مێژووییه‌کانی وه‌ک کوده‌تاکه‌ی (پینۆچێ) و زه‌برو زه‌نگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌کات. رۆمانه‌که به زمانێکی شاعیرانه و ده‌وڵه‌مه‌ند، به‌ڵام به سفت و ساده نووسراوه، بۆ نموونه دیمه‌نی باوه‌شکردن یان توندوتیژیی، زۆر به بوێرانه گوزارشتی لێکراوه و وێنه‌ی کێشراوه.
سەرچاوە: vinesh.ir
ئیزابێل ئهلهندی
تۆنی مۆریسۆن